پایتەخت

فڕۆکەوانی عێراق زیانمەندی یەکەمە لە شەڕی ناوچەکە

فڕۆکەوانی عێراق زیانمەندی یەکەمە لە شەڕی ناوچەکە
کورتە

عێراق لە هەر کاتژمێرێکدا 15 هەزار دۆلار زیانی پێدەگات

دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر وەستانی تەواوی جووڵەی فڕۆکەوانی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە فەرمی کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی هێرشەکان هات لەلایەن ئێران و ئیسرائیلەوە بۆ سەر یەکتری.


بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، زیانی دارایی عێراق لە هەر کاتژمێرێکدا لە وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان بریتییە لە 15 هەزار دۆلار و لە ڕۆژێکیشدا، کۆی گشتیی زیانەکان دەگاتە 360 هەزار دۆلار.
ئەم زیانە بەهۆی وەستانی فەرمی تێپەڕبوونی فڕۆکە بیانەکانە کە ئاسمانی عێراق وەک پردێک بەکاردەهێنن و لە کاتی ئاساییدا، ڕۆژانە نزیکەی800 فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبوون، کە کرێی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک نزیكەی ٤٥٠ دۆلار بوو.


هەرچەندە بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری بووە هۆی ئەوەی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینان و سەلامەتی گەشتەکان، ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتی فڕۆکەکان ڕاگرت و بۆ ماوەی 72 کاتژمێریش گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و نەجەف ڕاگرت، بەڵام دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، ئاساییبوونەوەی گەشتەکان ڕاگەیەندرا.


ئەمەش دوای ئەوە هات، 7ی حوزەیرانی 2026، هێرشێکی فراوانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت بووە هۆی کوژرانی چەند فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵا، و لە وەڵامێکی ڕاستەوخۆدا سوپای پاسدارانی ئێران نزیكەی 30 مووشەکی بالیستی گرتە ئیسرائیل، بەتایبەت بنکەی ئاسمانی "ڕاماد داڤید". پەرەسەندنەکان بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 8ـی حوزەیران، درێژەیان کێشا کاتێک فڕۆکەکانی ئیسرائیل قووڵایی خاکی ئێرانیان کردە ئامانج و هێرشیان کردە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە تاران، ئەسفەهان، تەورێز و چەند ئامانجێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


دۆخەکەش دوای دەستوەردانی خێرای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێوربوونەوەی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی داوای لە ئێران و ئیسرائیل کرد بە زووترین کات هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتری ڕابگرن. لە ئەنجامدا تاران ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگرتووە و لە بەرامبەردا، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە بنیامین نەتانیاهۆ لەسەر داوای ترەمپ فەرمانی ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەرکردووە.

08 حوزەیران 2026 20:48
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026