فراکسیۆنی پارتی داوایەکی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر کوردستان دەکات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئامانجگرتنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە " تاوانێکی قێزەون" وەسف دەکات، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ڕێگری لە گرووپە "تووندڕەوەکان" بکەن.
لەگەڵ زیادبوونی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی داوایەکی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لە حکومەتی فیدراڵ دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان هەرێمی کوردستانیان بەئامانج گرتووە بە هێرشکردنە سەر ناوچە نیشتەجێیەکان و شوێنە گشتییەکان، بوونەتە هۆی برینداربوون و زیانگەیشتن بە هاووڵاتییان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی گەورەی دەستوور و سەروەری دەوڵەتن و جارێکی دیکە مەترسی چەکی بێکۆنترۆڵ دەردەخەن، کە بووەتە هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیری وڵات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئامانجگرتنی شارەکان و ماڵەکانی هەرێمی کوردستان تاوانێکی قێزەونە بێ سەرکۆنەکردن و لێپرسینەوە تێ ناپەڕێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە کار بکات بۆ کۆتاییهێنانی ئەم گرووپە توندڕەو و دەرچوو لە یاسایانە، هەروەها دۆزینەوە و دادگاییکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەم هێرشانە و ڕێگە نەدان بە هیچ هێزێکی چەکدار بۆ کارکردن لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.