هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکی پڕ لە مووشەک دا گرت
لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر ئەو بارهەڵگرەدا گیرا، کە لە سەرییەوە مووشەک ئاڕاستەی گەڕەکەکانی هەولێر دەکرا.
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە دەشتی نەینەوا مووشەک ئاڕاستەی هەولێر کرا، هێزەکانی پێشمەرگە دەستی بەسەر بارهەڵگرێکی پڕ لە مووشەک دا گرت.
شەوی ڕابردوو ژمارەیەک مووشەک و درۆن لە دەشتی نەینەوا ئاڕاستەی هەولێر کرا، بە دیاریکراوی (کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر) لەلایەن سیستەمی بەرگریییەوە بەرپەچی هێرشەکان کرایەوە بەڵام ژمارەیەک درۆن لە گەڕەکەکانی 32ـی پاڕک، عەنکاوە و بەحرکە کەوتنە خوارەوە و زیانی ماددی و گیانی لێ کەوتەوە.
بەپێی زانیاری تایبەتی پایتەخت، شوێنی هاویشتنی مووشەک و درۆنەکان لە گوندی منارە لە ناحیەی بەرتلە سەر بە پارێزگاری نەینەوا ئاڕاستەی شاری هەولێر کراوە.
کەمێک لەمەوبەر هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێک لە جۆری بارهەڵگر گرت کە لەلایەن هێزە چەکدارەکان هێرشە مووشەکییەکانی پێ ئەنجام دراوە.