پایتەخت

پێشەوا هەورامانی: دەنگۆی پڕچەککردنی پارتە کوردییەکان بۆ نێو خاکی ئێران دوورە لە ڕاستییەوە

پێشەوا هەورامانی: دەنگۆی پڕچەککردنی پارتە کوردییەکان بۆ نێو خاکی ئێران دوورە لە ڕاستییەوە
کورتە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دەنگۆی پڕچەککردنی هێزە کوردییەکان بۆ ناو ئێران هاتە دەنگ و دەڵێت: ":ڕەتیدەکەینەوە"

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم هەواڵە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەم بابەتانە بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە".

کەمێک پێش ئێستا پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "ئەو ڕاپۆرتانەی باسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەن کە گوایە بەشێکین لە پیلانێک بۆ پڕچەککردن و ناردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناوخاکی ئێران بەتەواوی ناڕاستن و ڕەتیان دەکەینەوە و بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە".

پێشەوا هەورامانی جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک نین لەهیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: "ئێمە داوای ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکەین و هێرشە ترسنۆکانەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تەواوی شەرمەزار دەکەین".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە پێشەوا هەورامانی داوا لەحکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، کە پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان ڕابگرن و خاک و هاووڵاتییان و ناوچەکە بپارێزن.

05 ئازار 2026 13:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026