مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێک دەدەین خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ڕێگری لە هێرشەکانی سەر کوردستان بکات، بەپێچەوانە ئەگەر ئەم کارە نەکەن، حکومەتی هەرێم هەڵوێستی دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە بەتایبەتی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵ دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی نەخۆشخانەی ماجیدی لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا: "جێی داخە كە ناوچەكەمان بەم شێوازە دووچاری ئەم نەهامەتییە بووەتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەمەیە كە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، هەندێك لایەنی لەیاسا دەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان كردووەتە ئامانجی خۆیان".
مەسرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت: "دڵنیا بن ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و كوردستانمان پارێزراو بێت و دوور بین لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك و بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەستكەوتەكانی خۆمان".
سەرۆکوەزیران داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، پابەندی رێنماییەكان بن و بە هەموو شێوەیەك خۆیان بپارێزن، هیوادارە ئەم ناخۆشییانە بە زوویی بەرەو تەواو بوون بڕۆن و ئاسایش و سەقامگیری جێگەی شەڕ و گرژی و توندوتیژی بگرێتەوە.
مەسرور بارزانی داوا لە حكوومەتی فیدرال دەكات، رێگە بەم تیرۆریستە لە یاسا دەرچووانە نەدەن كە چیتر پەلاماری كوردستان بدەن، چونكە ناتوانن تا سەر بێدەنگ بن.