پایتەخت

سلێمانی یان تێکساس؟

سلێمانی یان تێکساس؟
کورتە

سلێمانی یان تێکساس؛ کاتێک یاسا هیچ بایەخێکی نامێنێت!

ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا، تەنیا شەڕی دوو ئامۆزا یان کێشەی نێوان دوو لایەنی دەسەڵاتدار و حیزبی سیاسی نەبوو، بەڵکو لە سەروو ئەوانەوە، بە پێشێلکاریی زەقی یاسا و سەروەریی یاسای هەرێمی کوردستان هاتە ئەژمار، کە هێزەکانی یەکێتی بە بەرچاوی هەموو کوردستانەوە، بۆ تەسفییە حیساباتی کەسی، یاساکانیان شکاند. 

 

لە کاتێک لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی حزبە، کاندیدی دەرچوونی پەرلەمانی کوردستان و بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە، کەچی بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی دادگەی سلێمانی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەردەکات و هێزی گەورە دەبرێتە سەر شوێنی مانەوەی.

 

لە شەڕەکەدا تانک و چەکی هاوپەیمانان کە دژی داعش بەکارهاتبوون بینران، جیا لەوەی خەڵکی سەرچنار و سلێمانی بەگشتی ئاسوودەیی و ئارامیی خۆیان لەدەستدا، هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەسەر ئەو شەڕە هاتنە دەنگ، پێش هەموو کەسێک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم چرکەکانی شەڕەکەدا ڕایگەیاند، پابەند بن بە یاساوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن، بەڵام سەرۆکی یەکێتی بەردەوام بوو لە شەڕ و یاسا شکێنییەکەی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەنگی هەڵبڕێ و تکای کرد، کە ئارامی سلێمانی بپارێزرێت، کەچی هیچ کاریگەرییەکی نەبوو، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و کۆنسوڵی ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەش ئاگادارییان بڵاوکردەوە، هەمووان داوای ئەوەیان دەکرد، کە کار بە یاسا بکرێت و پشێوی نەنرێتەوە، بەڵام یاسا تەنیا شتێک بوو، کە کۆماندۆ و دژە تیرۆر لەبیریان کردبوو و بەبڕیاری حزبی جووڵەیان دەکرد.

 

ئەوەی لە سلێمانی و بە دەستی ئەو هێزانە ڕوویدا، کۆماندۆ و دژە تیرۆر خۆیان پێی دەڵێن یاسا، بەڵام ئەمە پێچەوانە یاسا بوو و یاسای هەرێمی کوردستان لە هیچ شوێنێکیدا باسی ئەوەی نەکردووە، کە ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەرچوو ئەوا بە تانکەوە هەڵکوتیتە سەری و دژە تیرۆر و کۆماندۆی بۆ ببەیت، بەڵکو لە ڕێگەی پۆلیس و دادگاوە فەرمانەکە جێبەجێ دەکرێت.

 

هێزەکانی سلێمانی لە کۆماندۆ و دژە تیرۆر تا ئاسایش و پۆلیس، بەبڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکی یەکێتی جووڵە دەکەن و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، سێ سەرۆک حزبیان دەستگیرکردووە.

 

ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا، بە هیچ پێوەرێک یاسایی نەبوو و تەنیا ترس و دڵەراوکێی زیاتر لە شارەکە بڵاوکردەوە و ڕێگای خۆشکرد، بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک ڕوویدا، بە شەڕ و تانک و فیشەک یەکلایی بکرێتەوە، نەک بە یاسا و دادگا.

23 ئاب 2025 20:51 6
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025