لاهور شێخ حهنگی: لە هەشتی تەمووزەوە تاوەکو 21ـی ئاب

لە هەشتی تەمووزەوە تاوەکو 21ـی ئاب؛ هەموو هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی لاهوور بوون
هێشتا خەڵکی کوردستان ڕووداوەکانی دوای هەشتی تەمووزیان لەبیر نەکردووە، کەچی دیسان بە بیانوو و شێوازێکی توندتر و جیاواز، ئەمجارەیان بە چەکی قورسی وەک درۆن و تانک هێرش کرایە سەر لاهوور شێخ جەنگی، ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
هەشتی تەمووز بوو، بافڵ تاڵەبانی بانگەشەی ئەوەی کرد، لاهووری ئامۆزام ویستوویەتی ژەهرخواردم بکات، دوای ئەمە سیناریۆکان و بیانووەکان بۆ دوورخستنەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە لایەن یەکێتییەوە دەستیپێکرد، لە هاوسەرۆکایەتیی یەکێتی دوور خرایەوە، نەک هەر لاهوور بەڵکو چەندین کەسی دیکەش لە پۆستە گرینگ و باڵاکانی یەکێتی دوور خرانەوە، ئەمانەش بە بیانووی هەوڵ و کردەوەی تیرۆریستی، کە لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکی ڕاست و دروستی نەبوو و مەبەستی تاڵەبانی تەنیا بەدەستەوەگرتنی گشتیی جومگەکانی دەسەڵات لە ناو یەکێتیدا بوو.
هەشتی تەمووز و دەیان بیانووی دیکە و دەست نەپاراستنی هێزەکانی کۆماندۆ و دژە تیرۆر لە سلێمانی، وەکو کوشتن و تاڵان و بڕۆ، هەروەها تۆمەت دروستکردن و تاوانبار کردنی کەسایەتییەکانی شارەکە لەو بەرنامە و پڕۆژانە بوون، کە تاوەکو 21ـی ئابی ئەمساڵ بەردەوام بوون، هیزێکی وەکو دژە تیرۆر و کۆماندۆ لەم ڕۆژەدا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و لالەزار، ئەوان نەک هەر دەستیان لە جوانییەکان و سیمای سلێمانی نەپاراست، بەڵکو تەنانەت بوونە هۆی کاولکردنی ماڵی خەڵک و نەیانزانی لالەزار کامەشە، چونکە بە هەڵە هەڵیان کوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی عومەر حەمە فەرەج و پێیان وابوو ماڵی لاهوورە، ئەوان تەنیا لە وێرانکردن و کوشتندا دەستیان هەبوو، نەک جێگیرکردنی ئارامی و چەسپاندنی یاسادا.