نما ناوپردانی له‌ كۆتا گوتاریدا ڕەخنەی تووند لە پێگەی مافی مرۆڤ دەگرێت و داوایه‌ک ئاڕاسته‌ی میدیاكاران بۆ جێبه‌جێكردنی بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌كان ده‌كات.

 

ئه‌مڕۆ نما ناوپردانی نووسەر و چالاکوانی سیاسی ڕایگەیاند، پێشێلکردنی شکۆی مرۆڤ و چاوپۆشین لێی ئامرازی مانەوەی ستەمکارییه‌ و ناکرێت بە دەستێک یاسا بنپێ بکرێت و بە دەستەکەی تر پەرتووکی یاساکان بە ڕووی خەڵکدا بەرز بکرێتەوە.

 

ئەو داوا لە میدیاکاران دەکات کە بنەما ئەخلاقییەکانی ڕۆژنامەوانی بپارێزن و له‌مه‌ودوا پرسیاری جیددی و هه‌ستیار لەسەر کەیسی لالەزار و گیراوان ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن، نه‌وه‌ک پرسیاره‌ لاوه‌كییه‌كان.

 

ده‌قی گوتاره‌كه‌:

 

جەلال مەلەکشا دەفەرمووێت: باسی خۆرەتاو بۆ شەمشەمەکوێرە ناکەم. ئێمەش دەڵێین باسی دادگا و دادپەروەریی بۆ مرۆڤکوژ و خیانەتکار ناکەین.

 

پێشێلکردنی شکۆی مرۆڤ و چاوپۆشین لێیان، تەنیا کەسانی بێدەنگ نین، بەڵکوو ئامرازی پێکهاتەیین بۆ مانەوەی ستەمکاریی. تۆ هاتووی زەینی نوخبەی سیاسی و میدیاییت پڕ کردووە لە وشەی دادگا و یاسا، بە دەستێک یاسا بنپێ بکەیت و تاوان بکەیت، بە دەستەکەی تر پەرتووکی یاساکان بە ڕووی خەڵکدا بەرز بکەیتەوە. دادپەروەریی بە وتار ناسڕێتەوە.

 

شەرعیەتدان بە قسەی بەرز و گوتاری بریقەدار دروست نابێت، بە دەستێکی پاک دروست دەبێت. کاتێک دەستت بە خوێنی بێتاوان و مافی گەل سوور بێت، ئاخاوتن لەسەر دادگا تەنیا شانۆگەرییەکی چەواشەکارانەیە. دادگا... لای تۆ ئامرازێکە بۆ سزادانی لاوازەکان، نەک سەپاندنی دادپەروەریی بەسەر خۆتدا. ئێوە کە خۆتان هۆکاری داڕمانی یاسا و مافی مرۆڤن، مافی ئەوەتان نییە بیبڕن و بیدوورنەوە. مێژوو گوێ لە بەیاننامەکانی دەسەڵات ناگرێت، مێژوو تەنیا سەیری شوێنپێی کردارەکان دەکەوێت.

 

لە کۆتا گوتارمدا، داواکاریم ئەوەیە نوخبەی میدیا و تیڤییەکان، مایکبەدەستەکان، ئەوانەی خۆیان بە ئازادیخواز دەزانن، خۆتان خاوەن پرسیار بن و هەستی بەرپرسیارەتیتان هەبێت؛ بنەما ئەخلاقییەکانی ڕۆژنامەوانیی هەڵبگرن و بەسە چیتر پرسیاری دەسەڵاتداران ئاراستە مەکەن، وەک مرۆڤێک خۆت بە! لەبەردەم خەڵکدا بە گشتیی پرسیاری یاسای دادگا و دادپەروەریی بکەن، ڕێگە بدەن خەڵک پەیامەکەیان بنێرن.

 

لەسەر کەیسی لالەزار و گیراوان، زۆر بێمانایە هەموو ڕۆژێک بپرسیت دۆخی تەندروستیی زیندانیان چۆنە؟ کەی بووە دۆخی کۆت و زنجیری زیندان باش بێت! بوێریی پرسیارە هەستیارەکانتان هەبێت، بوێریی گەڕان بەدوای کۆدی ئازادیی ئەوان و زیندانیکراواندا بە گشتیی، بگەڕێن. چونکە کۆدی ستەم و زوڵم لە دەستی خەڵکدایە.

 

نما ناوپردانی