دادگایی سووریا سزای زیندانیی هەتاهەتایی موفتیی پێشووی ولاتەکەدا سەپاند، ئەمە یەکەم سزای یاساییە دژی کەسایەتییەکی ئایینیی باڵای سەردەمی پێشوو لە دوای گۆڕانی دەسەڵات لە سووریادا ڕادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ دادگایی سووریا ڕایگەیاند، ئەحمەد حەسوون، موفتی پێشووی وڵاتەکە لە تەمەنی 77 ساڵ، بە تۆمەتی هاندان بۆ شەڕی ناوخۆ، نانەوەی فیتنەی ڕەگەزی و تایفی، هەروەها هاوکاریکردن لە کوشتنی بەئەنقەست، بە زیندانیی هەتاهەتایی سزا دراوە.
حەسوون ماوەی 16 ساڵ وەک گەورە موفتی سووریا لە پۆستەکەیدا بوو و بە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی پێشوو بەشار ئەسەد دادەنرا. دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سەروەت و سامانی ناوبراو و ڕادەستکردنی بە خەزێنەی گشتیی وڵاتی داوە.
ئەم موفتییە لە ئاداری ساڵی ڕابردوودا لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونەدەرەوەی لە وڵات لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە دەستگیر کرا، ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە گەیشتن بە دادپەروەری لە سووریا پێویستی بە دروستکردنی سیستمێکی دادوەریی بێلایەن و سەربەخۆ هەیە.
دادگاییکردنی بەرپرسانی سەردەمی ئەسەد لە نیسانی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لە 11ـی ئابی ئەمساڵ دادگای سووریا سزای لەسێدارەدانی بە غیابی بەسەر بەشار ئەسەد، ماهەری برای و پێنج بەرپرسی دیکەی ئەمنیدا سەپاند.
حکومەتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا ڕووخا و ناوبراو بەرەو ڕووسیا هەڵات، ئەم ڕووداوە دوای شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن هات لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێکردبوو، زیاتر لە نیو ملیۆن سوری کوژرا و ملیۆنان ئاوارەی لێ کەوتەوە.