سوپای ئیسرائیلی نیازی ههیه لە ئەگەری هێورنەبوونەوەی گرژییەکانی لەگەڵ وڵاتی تورکیا، دووبارە هێرش بكاتهوه سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە سووریا.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی بۆ کەناڵ 2ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، ئیسرائیل نایەوێت وڵاتی تورکیا بکات بە دوژمنی خۆی و لە ڕێگەی پەیوەندیی نهێنییەوە لەگەڵ وڵاتەکە هەوڵی داوە خۆی بەدوور بگرێت لە دروستبوونی ناکۆکی و گرژی لە نێوانیان.
سەرچاوەکە بۆ کەناڵ 2ی ئیسرائیلی ڕوون کردەوە، لە ئەگەری سەرنەگرتنی گفتوگۆکان، ئەو کاتە ئیسرائیل ناچار دەبێت دەست بە جووڵە بکات؛ ئەمەش بە ئاماژەیەک دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە سووریا.
ئەم قسانە لە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل لە 19ی ئابی ئەمساڵدا، هێرشێکی بۆ سەر بنکەی ئەبوو زهور لە سووریا ئەنجام دا، بە بیانووی ئەوەی تورکیا هەوڵی داوە ڕادار و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە بنکەکەدا جێگیر بکات؛ ئەمەش لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت لە ناوچەکەدا.
لە بەرامبەردا تورکیا بە شێوەیەکی توند هێرشەکەی ئیسرائیلی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند ئەو هێرشە پێشێلکردنی سەروەری و یاسای نێودەوڵەتییە، هەروەها ڕەتی کردەوە هیچ هێزێکی سەربازیی تورکی لە بنکەی ئەبوو زهوردا هەبووبێت.
هاوکات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دوای هێرشەکەی 18ی ئاب پچڕاون و لە کاتی ئێستادا سووریا متمانەی بە ئیسرائیل نییە و پێشینەی یەکەمیان وەستاندنی هێرشەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دەرەوەی سووریا هێشتا دەستی بۆ دیپلۆماسی درێژ کردووە و داوای کرد ئیسرائیل ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە.