وەزارەتی دادی عێراق لە ڕێگەی هەنگاوی دیپلۆماسییەوە کار بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵیی سەر چاکسازییەکانی وڵاتەکە دەکات و ژمارەیەکی زۆری زیندانییانی بیانی دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

ئەمڕۆ وەزارەتی دادی عێراق بڵاوی کردەوە، بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی دەستپێکردووە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ چەندین وڵات بە مەبەستی گواستنەوەی نزیکەی 6000 زیندانی لە 61 ڕەگەزنامەی جیاواز بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

ئەحمەد لەعیبی، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە سزادراوانی لەسێدارەدان ناگرێتەوە و پرۆسەکە بەپێی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە یاخود ڕێککەوتنی دووقۆڵی بەڕێوە دەچێت، ئەم سزادراوانە لە ئێستادا لە بەشە چاکسازییەکانی عێراقدان و زۆربەیان ڕەگەزنامەی سووری، مەغریبی، ئەمریکی، کەنەدی، ڕووسی، تونسی و تورکییان هەیە.

وەزارەتەکە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ ئەم مەبەستە وەرگرتووە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتانە لە پەیوەندیدایە بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاسایییەکان، بۆ ئاسانکاریی زیاتریش، پێشتر بەندیخانەی کەرخی ناوەندی لە بەغدا بە تایبەت بۆ کۆکردنەوەی ئەم 6000 زیندانییە بیانییە تەرخان کرابوو.

دامەزراوە چاکسازییەکانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی زۆریی ژمارەی زیندانییان ڕووبەڕووی جەنجاڵییەکی زۆر ببوونەوە؛ ئەمەش حکومەتی ناچار کرد بەدوای ڕێگەچارەی یاسایی و نێودەوڵەتیدا بگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو جەنجاڵییەی لە زیندانییەکاندا هەیە.