دادگای ڕەسافە لە بەغدا بە بڕیارێکی نوێ سەرجەم ڕێکارەکانی دەستەی گەیاندنی عێراقی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگرت.
ئەمڕۆ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕایگەیاند، دادگای ڕەسافە لە بەغدا بە فەرمانێکی کاتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی دەستەی گەیاندن دژی کۆمپانیاکە ڕاگرت، سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد, بڕیارەکانی پێشووی سەرۆکی دەستەی گەیاندنی عێراق نایاسایی بوون.
پێشووتر دەستەی گەیاندنی عێراق ڕایگەیاندبوو، کۆڕەک تیلیکۆم بڕی نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار قەرزاری دەوڵەتە، بەو هۆیەشەوە لقی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە بەغدا و چەند بنکەیەکی دیکەی فرۆشتنی داخستبوو، لە بەرامبەردا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئەو هەنگاوانەی بە نایاسایی و سیاسی لە قەڵەم دا.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد لە ساڵی 2025دا ڕێککەوتنێکی فەرمییان بۆ پێدانی مۆڵەتی نەوەی چوارەم واژۆ کردووە بەڵام دەستەکە بە شێوەیەکی یەک لایەنە ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، کێشەی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی گەیاندنی عێراق یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیە یاسایی و بازرگانییەکانی کەرتی پەیوەندی لە عێراقدا کە بۆ چەند ساڵێکە بەردەوامی هەیە.