جووتیارە کوردەکەی سەرگەران کە بە ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکەی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە ڕاکێشرا، سزای پێبژاردنی بەسەردا سەپێنرا.

ئەمڕۆ دادگای تاوانی کەرکووک ڕایگەیاند، محەممەد حەمید ئەمین، ئەو جووتیارە کوردەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بە ملپێچەکەی ملی ڕاکێشرا و ویستیان لەسەر تراکتۆرەکەی بیهێننە خوارەوە، لەدوای 30 دانیشتنی دادگا بە بڕی 2 ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی بەسەردا سەپێنرا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیەندراوەکە، جووتیارە کوردەکە لەلایەن کرار شاکر سامر، ئەو سەربازە عێراقییەی هێرشی کردبووە سەر، لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، دادگا بە مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 کە بریتییە لە ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ئەرکی فەرمی کارمەندی گشتی حکومەت، تۆمەتباری کردووە.

هاوکات لە کاتی نەدانی پێبژاردنەکەدا، دادگا بۆی هەیە جووتیارە کوردەکە بۆ ماوەی 4 مانگ زیندانی بکات، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگای تاوانی کەرکووک بەپێی مادەی 182 لە یاسای دادگادا، مافی داواکردنی قەرەبووی لە تۆمەتبار بەو سکاڵاکارەکان بەخشیوە.


لە 17ی شوباتی 2025، لە گوندی شناغەی ناوچەی سەرگەران لە قەزای دووبز، کێشەیەک لە نێوان هێزێکی سەربازیی عێراق و جووتیارانی کورد ڕووی دا، لەو ڕووداوەدا محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی ناوچەکە، لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە بە ملپێچەکەی ڕاکێشرا و لەسەر تراکتۆرەکەی هەوڵی دابەزاندنی درا.

دوای ڕووداوەکە، محەممەد حەمید ئەمین لەلایەن دەسەڵاتە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیر کرا و بۆ ماوەیەک لە زیندان مایەوە، پاشان بە کەفالەتی 2 ملیۆن دینار ئازاد کرا، ئەو لە دواتردا سکاڵای لەسەر کرار شاکر سامر، ئەو سەربازە عێراقییەی بە ملپێچەکەی ڕایدەکێشا، تۆمار کرد و کەیسەکەی گەیشتە دادگای تاوانی کەرکووک.