پرۆسەی ڕادەستکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا قۆناغێکی نوێی بڕی، شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی شایستە دارایییەکان لە بەغدایە.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارای هەریمی کوردستان ڕایگەیاند، تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە، ئەم ڕادەستکردنە هاوکاتە لەگەڵ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی مانگی 7 بە فەرمانگەی ژمێریاری لە بەغدا.
دوای وەرگرتنی لیستەکە، وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە پرۆسەی وردبینی دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرجەم ناو و زانیارییەکان، شاندی هەرێمی کوردستان شەوی ڕابردوو بە مەبەستی تەواوکردنی ئەم ڕێکارانە گەیشتە پایتەختی عێراق، هاوکات وەزیری دارایی عێراق بەشی ژمێریاریی ڕاسپاردووە بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق.
پرۆسەی ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە بەشێکە لە پابەندییە دارایییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێشتر بەهۆی بوونی جیاوازی و تێبینی لەسەر لیستەکانی مووچە، دابەشکردنی شایستە دارایییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دواکەوتن ببوویەوە.