سەرەڕای فشاری ئابووری و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، داهاتی فرۆشی نەوت و دراوی بیانی لە ئێران لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرای کرد، وەزارەتی نەوتی وڵاتەکە بڕی 7.5 ملیار دۆلاری لە داهاتی فرۆشی نەوت و دراوە بیانییەکان خستووەتە سەر هەژماری فەرمی بانکەکە، کە دەکاتە داهاتی چوار مانگی یەکەمی ساڵی دارایی ئێستا، ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 50 لەسەد زیادی کردووە.
بەرپرسانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی خەرجییەکانی حکومەت و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وڵاتە بە دراوی بیانی. گەیشتنی ئەم پارەیەش لە کاتێکدایە، سزاکان و گرژییەکانی ناوچەکە فشاری ئابووری زۆریان لەسەر تاران دروست کردووە.
پێشووتر عەبدولناسر هەمەتی، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاندبوو، هەناردەی نەوتی وڵاتەکە لە ژێر کاریگەری سزاکاندا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و بەشێک لە یەدەگی دراوی دەرەوەی ئێرانیش لە دەرەوەی وڵات بلۆک کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، داتاکانی بازاڕ دەریانخستووە، هەناردەی نەوتی ئێران لە نزیکەی 1.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ نزیکەی 534 هەزار بەرمیل دابەزیوە، زۆرێک لە کڕیارە چینییەکانیش بژاردەی دیکەیان وەک نەوتی عێراق و بەڕازیل گرتووەتەبەر.