بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕێکاری خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنەوەی ئاگر لە وەرزی داهاتوودا خستەڕوو.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی زۆری ڕووبەری گژوگیای وشک بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بە تایبەتی لە وەرزی پایز ئەگەری تەشەنەسەندنی خێرای ئاگر لە دەشت و دارستانەکاندا لە کاتی هەڵکردنی بادا زۆرە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە خاوەن بەنزینخانە، پاڵاوگە، کۆگا، کارگە و کێڵگەکانی پەلەوەر دەکات هێڵی بەربەستی پاککراوە بە پانی 10 تا 15 مەتر لە دەورووبەری شوێنەکانیان دروست بکەن بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی ئاگر.

ڕێنماییەکان جەخت لە قەدەغەکردنی سووتاندنی ناڕێکخراوی پوش و پەڵاش دەکەنەوە، لەگەڵ پێویستیی دوورخستنەوەی کەرەستە زوو گڕگرتووەکان و پشکنینی بەردەوامی تۆڕەکانی کارەبا، هەروەها دەبێت سیستەمی ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوەی دەستی ئامادە بکرێن، لە کاتی بینینی هەر دووکەڵێکدا دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 115 بکەن.