وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕیاری دوورخستنەوەی سەرنووسەر و بڵاوکەرەوەی ڕۆژنامەی ستارس ئاند سترایپسی دەرکرد؛ ئەم ڕۆژنامەیە لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی ئەمریکاوە ڕووماڵی هەواڵەکانی سوپا دەکات.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) ڕایگەیاند، ئیریک سلاڤین، سەرنووسەری ڕۆژنامەی ستارس ئاند سترایپس لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە بەهۆی گوێڕایەڵنەبوون و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکان لە کارەکەی دوور خراوەتەوە. ئەم بڕیارەش تەنیا 3 ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی خانەنشینبوونی ماکس لیدەرەر، بڵاوکەرەوەی ڕۆژنامەکە دێت. لە لایەکی دیکەشەوە لارا کۆرتی پەیامنێری ڕۆژنامەکە ئاشکرای کرد بەهۆی جەختکردنەوەی لەسەر کارکردن بۆ ڕۆژنامەکە نەک بۆ پێنتاگۆن، ئەویش دەرکراوە.
ئەم دوورخستنەوانە دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکە دێت دەربارەی دۆخی سەختی ژیانی ستافی سەر کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن، ڕاپۆرتەکە ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران لێکەوتەوە.
پێشتر پێنتاگۆن هۆشداری دابووە ڕۆژنامەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە بابەتە لاوەکییەکان، هەروەها کاپتن ویلیام ئۆربانی وەک جێگری سەربازیی بڵاوکەرەوە دەستنیشان کرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی سەربەخۆیی ڕۆژنامەکە لە لایەن کۆنگرێسەوە بینرا.
ستارز ئەند سترایپس ڕۆژنامەیەکی ئەمریکییە لە ساڵی 1861 دامەزراوە و بە تایبەتی هەواڵ و زانیاری بۆ سەربازان و کۆمەڵگەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بڵاو دەکاتەوە، ڕۆژنامەکە بەشێک لە بودجەکەی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە وەردەگرێت، بەڵام بەپێی بنەماکانی خۆی سەربەخۆیی ڕۆژنامەوانی خۆی پاراستووە.