دابەزینی لەناکاوی ئاستی ئاوی زێی بچووک بەهۆی گرتنەوەی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، پڕۆژەی ئاوی خاسی لە شاری قەڵادزێ تووشی ڕاوەستان کرد.
ئەمڕۆ فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ ڕایگەیاند، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و دابەزینی لەناکاوی ئاستی ئاوەکە، پڕۆژەی ئاوی خاس کارەکانی ڕاگیراوە و لە ئێستادا ستافێک لە کارکردندایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوەکە.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەکە، پێش گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک بەشێک لە گەڕەکەکانی قەڵادزێ ئاویان وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی کۆگاکان بەشێکی دیکەی گەڕەکەکان ماون ئاویان بەسەردا دابەشبکرێت، لە هەرکاتێکدا توانرا گرفتەکە چارەسەر بکرێت، دابەشکردنی ئاو دەستپێدەکاتەوە.
پڕۆژەی ئاوی خاس یەکێکە لە سەرەکیترین پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری قەڵادزێ و ژمارەیەک لە گوندەکانی دەوروبەری، هاوکات پڕۆژەکە ئاوی خاس لە ڕووباری زێی بچووک وەردەگرێت، دوای خاوێنکردنەوە بەشێوەی تۆڕی ئاو بەسەر ماڵاندا دابەشدەکرێت.
گرتنەوە یان کەمکردنەوەی ئاو لە لایەن ئێرانەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی ئاو لە ناوچەکانی قەزای ڕاپەڕین، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا چونکە پێویستیی بە ئاو بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ زۆرتر دەبێت.