ئاگرکەوتنەوەکانی هاوینی ئەمساڵی ئەورووپا مەترسییەکی گەورە و شاراوەی ژێر زەوییان دەرخستووە، پاشماوەی بۆمب و مینە کۆنەکانی جەنگی یەکەمی و دووەمی جیهانی بوونەتە هەڕەشە لەسەر تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس ڕایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و وشکەساڵی لە کیشوەری ئەورووپا، بوونەتە هۆی دەرکەوتن و تەقینەوەی ئەو بۆمبە نەتەقیوانەی لە سەردەمی جەنگە جیهانییەکاندا لە ژێر خاکدا نێژرابوون.

 

پسپۆڕانی بواری ئاشتی و ململانێکان ئاماژە بەوە دەکەن پێشتر بارانبارینی ڕێک و پلەی گەرمی گونجاو وای دەکرد ئەم تەقەمەنییانە بەبێ زیان لە ژێر خاکدا بمێننەوە، بەڵام ئێستا گۆڕانی کەشوهەوا خاکەکە وشک دەکات و دەبێتە هۆی دەرکەوتنیان.

 

تیمەکانی تایبەت بە پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی مینەکان لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئەورووپادا بڵاوەیان پێ کراوە؛ لەوانە لە پارێزگای لیژی ڕۆژهەڵاتی بەلجیکا و دارستانەکانی شاری بۆردۆی فەرەنسا پاشماوەی نوێی جەنگ دۆزراونەتەوە.

 

تەنیا لە بەلجیکا ساڵانە تیمەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری زیاتر لە 3000 پەیوەندی فریاگوزارییان پێ دەگات و لە نێوان 200 بۆ 250 تۆن تەقەمەنی جەنگە جیهانییەکان پووچەڵ دەکەنەوە، جگە لە ئاگر، وشکبوونی ڕووبارەکانی وەک ڕاین و دانووب بووەتە هۆی دەرکەوتنی بۆمب و مینی دەریایی کۆن لە ئەڵمانیا، مەجەرستان و سلۆڤاکیا.

 

شەڕی بولج و چەندین ململانێی سەخت لە نێوان هێزەکانی ئەڵمانیای نازی و هاوپەیمانان لە ساڵانی 1944 و 1945 لەم دارستان و کێڵگانەدا ڕوویان دا، لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا دەیان هەزار سەربازی هەردوولا لەم ناوچەیەدا کوژران.