ڕۆژنامەنووسێک باسی ڕووداوەکانی 22ـی ئابی شاری سلێمانی دەکات و دەڵێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا دروست کرد و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر خەباتی مەدەنی بەجێهێشت.
ئەمڕۆ عەزیز ڕەئووف، نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاند، ڕووداوەکەی 22ـی ئاب تەنیا بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبوو، بەڵکو پەیامێک بوو بۆ ڕای گشتی لەسەر بەکارهێنانی چەک بەرامبەر هەر بیروڕایەکی جیاواز، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە دوای ئەم ڕووداوە، دادگاکان خراونەتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتەوە و دەزگای میدیاکانیش بە ئاسانی دادەخرێن و کەرەستەکانیان تاڵان دەکرێن.
عەزیز ڕەئووف ڕەخنەی توند لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەگرێت بەهۆی بێدەنگبوونیان بەرامبەر بەو ڕووداوانەی کە ڕوویاندا، ئەمەش بە نیشانەی ترسنۆکی یان ساختەیی ئۆپۆزسیۆن دادەنێت، هەروەها جەخت دەکاتەوە بوونی زیندانی سیاسی لە سلێمانی نیشانەی ستەمکارییە و قسەکردن لەسەر دیموکراسی پڕوپاگەندەیە.
ئەم ڕۆنامەنووسە ڕوونی کردەوە ڕووداوەکانی 22ـی ئاب کۆتاییان بە خەباتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان هێناوە، هەروەها بێدەنگی زۆرێک لە ڕۆشنبیران و میدیاکاران، ناوبانگی سلێمانی وەک شاری ڕۆشنبیری و ئازادی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
لە 22ـی ئابی 2025 ڕووداوی لالەزار لە سلێمانی ڕووی دا، کاتێک هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی لاهور تاڵهبانی هەنگاویان نا و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی ئەو ڕووی دا، ڕووداوەکە چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو و بە دەستگیرکردنی لاهور و ژمارەیەک لە نزیکەکانی کۆتایی هات.