بڕیارێکی نوێ لەبارەی فرۆشتنی بەنزینی حکومی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەردەچێت و گۆڕانکاری لە قازانجی خاوەن بەنزینخانەکان دەکرێت.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا مەرجە نوێیەکانی بۆ وەرگرتنی بەنزینی پاڵپشتیکراو ئاشکرا کرد. بەپێی بڕیارە نوێیەکە هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی حکومیی پاڵپشتیکراو وەربگرێت دەبێت دەستبەرداری فرۆشتنی بەنزینی موحهسهن و سوپەر ببێت.
له ڕاگهیهندراوهكهی نەوت و کانزاکانی سۆران هاتووه، كه لە کۆبوونەوەی کۆتاییدا بڕیار دراوە قازانجی هەر لیترێک بەنزین بۆ خاوەن بەنزینخانەکان لە 20 دینارەوە بۆ 50 دینار زیاد بکرێت.
ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی حکومی دەفرۆشن قازانجی جۆرەکانی تری بەنزین بۆ ئەو بەنزینخانانە جێبهێڵن کە بەنزینی پاڵپشتیکراو وەرناگرن.
یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە کە دەبێت بەنزینخانەکە توانای هەبێت لە یەک کاتدا 8 ئۆتۆمبێل بەڕێ بکات بۆ ئەوەی بەنزینی حکومیی پێبدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی 1ی ئەیلوولی 2026ەوە جێبەجێ دەکرێت. سیستمی وەرگرتنی بەنزینەکە بە شێوەی 2 ڕۆژ جارێکە و هەر شۆفێرێک تاکوو 48 کاتژمێر تێنەپەڕێت ناتوانێت دووبارە بەنزین وەربگرێتەوە.
هاوکات خشتەی دابەشکردنی بەنزینی ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە کە تێیدا بەیانییان لە بەنزینخانەکانی شاخی ڕواندز لە خەلیفان و ژین لە بلێ و بناری گۆرەز لە سۆران دابەش دەکرێت. لە دوای نیوەڕۆشدا دابەشکردنەکە لە بەنزینخانەکانی گۆڵ و کەورین و کاکە و دێڵزیان لە ناوەندی سۆران و پیرەفات لە مێرگەسۆر و شاد لە ڕواندز بەردەوام دەبێت.