کۆمپانیای تیکتۆک لەسەر کۆکردنەوەی زانیارییەکانی منداڵان بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانی منداڵەکان، بە بڕی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار سزا درا.
ئەمڕۆ وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک و کۆمپانیای دایکی بایت دانس ڕەزامەندییان نیشان دا لەسەر پێدانی 400 ملیۆن دۆلار بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسێکی دادگایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک بڕی 300 ملیۆن دۆلار بە شێوەیەکی دەستبەجێ دەدات، بڕی 100 ملیۆن دۆلاری دیکەش دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی پێشووی کۆمپانیای میوزیکاڵی دەدا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕە پارەیە گەورەترین سزای داراییە لەسەر کەیسی پێشێلکردنی یاسای پاراستنی تایبەتمەندی منداڵان لەسەر هێڵی ئینتەرنێت تۆمار کرابێت.
یاسای فیدراڵی ئەمریکا کۆکردنەوەی زانیاری کەسی منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ بەبێ ڕەزامەندی دایکوباوک قەدەغە دەکات، وەزارەتی داد و کۆمیسیۆنی بازرگانی فیدراڵی ئەمریکا لە ساڵی 2024 داوایەکی یاسایی هاوبەشیان دژی تیکتۆک تۆمار کرد، تێیدا باسیان لەوە کردبوو سەکۆکە ژیانی ملیۆنان منداڵی خستووەتە مەترسییەوە بەهۆی کۆکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانیان بەبێ ئاگاداری کەس و کاریان.
بەرنامەی میوزیکاڵی لە ساڵی 2014 دامەزرا و زۆر بەناوبانگ بوو لەنێو گەنجاندا. کۆمپانیای بایت دانس لە کۆتایی ساڵی 2017 ئەو بەرنامەیەی کڕییەوە و لە ساڵی 2018 لەگەڵ تیکتۆک یەکخست، دوای ئەوە ناوی میوزیکاڵی نەما و هەموو بەکارهێنەران و ناوەڕۆکەکەی گوازرانەوە بۆ تیکتۆک، پاشان بووە یەکێک لە گەورەترین پلاتفۆرمەکانی ڤیدیۆی کورت لە جیهاندا.