حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا فراوانتر دەکات و قۆناغی هەشتەمی تیروپشک لە شاری هەولێر دەست پێ دەکات.

ئەمڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێکی باڵادا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، تیروپشک بۆ قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی سەر بە سنووری شارەوانیی هەولێر لە ناوچەکانی (شاخۆڵان، گردەشێر، گوندی قەفەر) دەست پێ دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەم قۆناغەدا 13 هەزار پارچە زەوی تیروپشکیان بۆ دەکرێت بەمەبەستی دابەشکردن بەسەر فەرمانبەرانی سەربازی و مەدەنی، تا ئێستا لە حەوت قۆناغی پێشوودا 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە.

ساسان عەونی لە کۆنگرەکەدا ئاشکرای کرد، لە کۆی گشتیی 82 هەزار فەرمانبەر کە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە، تا ئێستا 55 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە، واتا 27 هەزار فەرمانبەر ماون. بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئەوانیش لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری وەرگرتنی زەوی، سوودمەند بن لەم خزمەتگوزارییە.

هاوکات ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە، بۆ ئەنجامدانی ڕێکارەکانی گۆڕینی کارتی زەوییەکان بۆ تاپۆ (سەنەد)، فەرمانگەیەکی تایبەت دانراوە کە ئەم ڕێکارانە ئەنجام دەدات، پارێزگاری هەولێر جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان تووشی هیچ کێشە و گرفتێک نەبن، دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردنی بازرگانی بە پارچە زەوییەکان تا ئەو کاتەی سەرجەم ڕێکارەکان تەواو دەکەن.