سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەتدا ستراتیژی پاراستنی ئاسمانی هەرێمەکە و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری لە بەرامبەر هێرشە درۆنییەکاندا خستەڕوو.

ئەمڕۆ کەناڵی ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵەکە تیشکی خستووەتە سەر پێشهاتە ئەمنییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر، بەغدا و بارودۆخی ناوچەکە.

گرنگترین پەیامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەم چاوپێکەوتنەدا بریتی بوون لەم خاڵانە:

-  زیادبوونی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان مەترسییەکی گەورەیە و پێویستە سیستمی بەرگری گونجاو ئامادە بکرێت.
-  هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە و هیچ کاتێک نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
-  هێرشەکان تەنها بۆ ترساندنی هەرێمی کوردستانن و هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ناو ململانێیەکی نەخوازراو.
-  پشتیوانی تەواو لە هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارە نایاساییەکان دەکەین.
-  عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک سەرکردەیەکی ڕاستگۆ و دۆست دەبینم کارە دروستەکان بۆ وڵات دەکات.
-  پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا و نەمانی سیستمی بەرگری پاتریۆت دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، بۆیە داوا لە هاوپەیمانان دەکەین هاوکاری هەرێم بکەن.
-  پێویستە کۆمپانیا ئەمریکییەکان هان بدرێن بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و کشتوکاڵ، ژینگەیەکی پارێزراویشیان بۆ دابین بکرێت.
-  دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکان، کاریگەری نەرێنی دروست کردووە.
-  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا پێویستە لە بواری ئابووری و سیاسی فراوانتر پەرەی پێ بدرێت.

پەیوەست بە پرسی ناوخۆی هەرێمیش، مەسرور بارزانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت گووتی: "بەردەوام دەبم لە درێژکردنەوەی دەستی دۆستایەتی و داوا لە هەموو لایەک دەکەم بێن و لەگەڵمان بن بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە".

سەبارەت بە هێرشەکەی 17ی ئاب، کە بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەت و ماڵی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بە درۆنی جۆری حەدید-110ی دروستکراوی ئێران کران، سەرۆکوەزیران ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای سەرکۆنەکردنی فەرمی هێرشەکان لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە، پێویستە تاران لێکۆڵینەوە بکات لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو درۆنە تایبەتانە لە دەرەوەی وڵاتەکەیان، هاوکات دڵخۆشی خۆی بە پشتگیرییەکانی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا نیشاندا و دۆستایەتی هەولێر و واشنتنی بە مێژوویی و جێی متمانە ناوبرد.

پێشتر هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە 1000 هێرشی درۆنی و موشەکی بووەتەوە. ئەم هێرشانە زیانی جۆراوجۆریان بە ژێرخانی ئابووری گەیاندووە و هاوکاری زیاتری نێوان هەولێر و هاوپەیمانانیان بۆ پاراستنی ناوچەکە پێویست کردووە.