جارێکی دیکە نایجیریا تووشی شەپۆلێکی ڕافاندنی بەکۆمەڵ بوویەوە و ئەمجارە نەک تەنیا ڕفاندن، بەڵکو دەیان کەسیش لە شوێنی ڕووداوەکە کوژران.

کەناڵی بی بی سی بڵاویکردەوە، لە ژمارەیەک گوندی سنووری ویلایەتی نایژەری وڵاتی نایجیریا، لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە دوای نوێژی هەینی، زیاتر لە 100 کەس لەلایەن چەندین چەکدارەوە، کە جلوبەرگی سەربازییان پۆشیبوو، ڕفێندران.

 بە گوتەی وەسیو ئەبۆیدون، گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەکە، لە کاتی هێرشەکەدا بۆ سەر گوندەکانی دێکارە، گیدان زانا، سابۆن گیدا و مەساکا زیاتر لە 40 کەس کوژران. بەرپرسانی ناوچەکە پێشبینی دەکەن هێرشبەرەکان گرووپێکی تاوانکانی دز و جەردە بن لە نایجیریا، کە دزی دەکەن و خەڵک بۆ قوربانی و فرۆشتنەوە دەڕفێنن.

پێشووتر لە 7-6-2026 سوپای نایجیریا ئازادکردنی 360 کەسی ڕاگەیاند، کە لەلایەن چەکدارانی 'بۆکۆ حەرام'ـەوە لە باشووری بۆرنۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە رفێندرابوون، بەپێی راگەیێندراوێکی سوپاکە، ئۆپەراسیۆنەکە لە چیاکانی مەندارا ئەنجامدراوە کە بەشێکن لە پێگەی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکە.

نایجیریا رووبەڕووی قەیرانێکی ئەمنیی ئاڵۆز بووەتەوە، ماوەی 17 ساڵە بەدەست گرووپە یاخیبووە جیهادییەکانەوە دەناڵێنێت، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بە چالاکییەکانیان کردووە و تاکتیکی سەرەکییان ڕفاندنی خەڵکە. لە دیارترین گرووپە چەکدارەکانیش، 'بۆکۆ حەرام' و باڵە جیابووەکەیەتی کە سەر بە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ە.