لە ئەنجامی داڕمانی کانێکی خەڵووز لە تورکیا، کرێکارێک گیانی لەدەستدا و 19ی دیکەش بریندار بوون، کە دۆخی تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.

پارێزگای ئەنقەرە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ناوچەیەکی پارێزگای ئەنقەرە دروستبوونی پەستانی بەهێزی هەوا بووە هۆی داڕمانی بنمیچی کانێکی خەڵووز، بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکە کرێکارێک گیانی لەدەستدا  و 19دیکەش بریندار بوون کە تەندروستی  4یان ناجێگیرە.
  

لە ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای ئەنقەرە ئاماژە بەوەشکراوە، بریندارەکان لە ژێر چاودێری تەندروستیدان، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە و لایەنی کەمتەرخەمیش سزا دەدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکاران و ئاسایشی کاری تورکیا، لە 5 ساڵی ڕابردوودا 362 کرێکار لە کانە خەڵووزەکانی ئەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.