سەرۆکی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی بەسەر گەرووی هورمز و تەواوەتی سنوورەکان ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپاتکردوە کە ئێران تامەزرۆیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران تامەزرۆیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵیان، ئێرانییەکان زۆر حەز دەکەن کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن، بەڵام ئامادە نین بۆ ڕێککەوتنێکی دروست.
  

ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، ئێران لە خراپترین دۆخی خۆیدایە، چیتر پارەی پێویستی نەماوە و مووچەی پۆلیس و سەربازەکانی نادات، تاران لە ئێستادا خاوەنی هێزی دەریایی یان ئاسمانی، سیستەمی ڕادار و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو نییە.

سەبارەت بە گەرووی هورمز، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، کە گەرووەکە بە ''خاکی ئەمریکا'' دەزانێت، وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر سنوورەکان و گەرووەکەدا هەیە، کاتێک ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران کۆتایی بێت، ئەوا نرخی نەوت لە ئاستی ئێستا دادەبەزێت.

ترەمپ لە کۆتاییدا، هۆشداریی دا ئه‌گەر 'ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت و بەکاری بهێنێت، ئەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.'

 لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران جەختی لەوەکردووەتەوە، هەر هاوڵاتییەکی وڵاتەکەی بڕی 30 هەزار دۆلاری وەک خەڵات پێدەدرێت لە ئەگەری هێرشی زەمینی ئەمریکادا سەربازێکی ئەو وڵاتە بکوژێت، بڕەکەش بۆ ژنان دوو هێندە دەبێت.