ساڵێک بەسەر هێرشە چەکدارییەکەی سەر هۆتێل لالەزار و دەستگیرکردنی لاهور تاڵەبانی و هاورێکانی تێپەری، بەڵام دۆسیەکەیان بە هەڵواسراوی لە دادگای سلێمانی ماوەتەوە و ئاڕاستەی دۆسیەکە دیار نییە، تیمی پارێزەرانی گیراوانی لالەزاریش جەخت لەسەر هەبوونی هەژموونی حزبی و پێشێلکاریی یاسایی لە ئاستی دۆسییەکەدا دەکەنەوە.
وردەکاریی ڕووداوەکانی لالەزار
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (ئاسایش، دژەتیرۆری و کۆماندۆ) بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی و بە بەکارهێنانی دەبابە و چەکی قورس، گەمارۆی هۆتێل لالەزاریان دا و داوای خۆبەدەستەوەدانیان لە لاهور تاڵەبانی کرد.
لە بەرامبەردا، لاهور تاڵەبانی ئامادە نەبوو خۆی بەدەستەوە بدات و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: "ئەم برادەرانە بڕیاریان داوە هێرش بکەنە سەر ئێمە، بەڵام من ملکەچی هیچ هێزێکی خیانەتکار بەرامبەر خاک و نیشتمان نابم."
دوای 3 کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادانی قورس، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لاهور تاڵەبانی و پۆڵاد تاڵەبانی برای خۆیان بەدەستەوە دا.
بەپێی دواین زانیارییەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا زیاتر لە 20 کەس کوژران و سەتان کەس بریندار بوون، زیاتر لە 200 کەسی دیکەش دەستگیرکران، لە ئێستادا 27 کەسی پەیوەست بە کەیسەکە بە دەستگیرکراوی ماونەتەوە.
تۆمەتە یاساییەکان و سکاڵاکاران
دۆسیەی دەستگیرکردنی لاهور تاڵەبانی و گیراوانی لالەزار دوو تۆمەتی سەرەکی لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان بەپێی ماددەی 56ی یاسای سزادانی عێراقی (تایبەت بە ڕێککەوتنی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوانێک)، کە تێیدا لاهور تاڵەبانی، پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و ئەنجامدانی کودەتا تۆمەتبار کراون، دۆسیەی دووەمیش بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانە، کە تۆمەتی دروستکردنی هێزی نایاسایی بۆ لاهور تاڵەبانی هەڵبەستراوە.
سکاڵای سەرەکی لە دژی لاهور تاڵەبانی، لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیی ئامۆزایاوە بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی ئەنقەست تۆمار کراوە، بەڵام لە ماوەی سێ دانیشتنی دادگادا لە یەک ساڵدا، هیچ یەک لەم سکاڵاکارانە لە دانیشتنەکانی دادگای سلێمانی ئامادە نەبوون، لە کاتێکدا بە پێی یاسا پێویستە سکاڵاکار لە دادگا ئامادە بێت.
لاهور تاڵەبانی چەند جار چووەتە دادگا و چی گوتووە؟
لە ماوەی ساڵێکدا، لاهور تاڵەبانی تەنیا 3 جار چووەتە بەردەم دادگا؛ لە دانیشتنی یەکەمدا ناساندن بووە، لە دانیشتنی دووەمدا گوتەی دوو تۆمەتبار وەرگیراوە، لە سێیەمدا شایەتحاڵەکان هێنراوەتە بەردەم دادوەر .
چارەسەرکردن کێشەکە لە رێگەی سوڵح و ئاشتەواویی
لە ماوەی یەک ساڵی کەیسەکەدا، کوڕانی تاڵەبانی چەندین جاری لە رێگەی خزم و دۆستەکانیان داوایان لە لاهور تاڵەبانی کردووە و بە سوڵحی عەشایەری کێشەکە چارەسەر بکەن و دواتر لاهور تاڵەبانی خۆی و خێزانەکەی کوردستان جێبهێڵن، بەڵام بەپێی گوتەی پارێزەرانی، لاهور تاڵەبانی گوتوویەتی: “لەم کەیسەدا دەبێت یاسا سەروەر بێت و من سوڵحی عەشایەری ناکەم.”
پێشێلکاریی یاسایی و دەستوەردانی حزبی
تیمی پارێزەران جەخت لەسەر پەککەوتنی ڕێکارە یاساییەکان دەکەنەوە، دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەران بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا لاهور تاڵەبانی نەهێنراوەتە بەردەم دادگا، بەڵکو دادوەر خۆی چووەتە زیندان و بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکانی گوتەی لێ وەرگرتووە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونی یاساییە.
لە لایەکی ترەوە، بورهان ڕەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دادگای سلێمانی لەژێر هەژموونی حزبدایە و زیاتر لە 2 مانگە ڕێگە بە تیمی پارێزەران نەدراوە لاهور تاڵەبانی ببینن.
هەروەها قادر ئاغا مەنتک، پارێزەری دەستگیرکراوانی لالەزار بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند: "دەبێت هەر کەیسێک لە ماوەی 6 مانگدا یەکلا بکرێتەوە، بەڵام ئەم کەیسە ساڵێکە دەستکاری نەکراوە، چونکە بەشێک لە دادوەران بۆ ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان، لە ژێر فشاری حزبی بایکۆتی دادگای پێداچوونەوەیان (تەمیز)ـی هەولێریان کردووە."
هەڵوێستی دەستەی مافی مرۆڤ لە کەیسی لالەزاردا
سلێمان موحسین، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە سەرەتای کەیسی لالەزارەوە ئاگاداری ڕەوشەکەن و لە زینداندا لاهور تاڵەبانی و دەستگیرکراوانیان بینیوە، هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کەیسەکە بە ئاڕاستەی یاساییدا بڕوات و یاسا سەروەر بێت.
مانەوە و هەڵوێستی بەرەی گەل
شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سەرەڕای زیندانیکردنی سەرۆکەکەیان، کار و چالاکییەکانی حزبەکە بە بێ لاهور تاڵەبانی بە ئاسایی بەڕێوەدەچن.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، سەرەڕای فشارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە، تێکەڵ کردنەوە و پێدانی دوو کورسییەکەی پەرلەمان بە یەکێتی، بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور تاڵەبانی سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی و ئامادە نییە ملکەچی یەکێتی بێت.
لاهور تاڵەبانی کێیە؟
لاهور تاڵەبانی (ناسراو بە لاهور شێخ جەنگی)، لە ساڵی 1976 لە کۆیە لەدایک بووە، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، ڕەگەزنامەی بەریتانی هەیە و بڕوانامەی کارگێڕیی کاری لە زانکۆی گرینویچی بەریتانیا بەدەستهێناوە.
ناوبراو ئامۆزای بافڵ جەلال عیسامەدین و قوباد جەلال عیسامەدینە، واتا برازای جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێرت پێشووی یەکێتییە، پێشتر بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری و هێزی دژەتیرۆر بووە.
لاهور تاڵەبانی، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا، زۆرترین دەنگی کۆنگرەکەی بەدەستهێنا، دواتر ئامادەبوو سیستەمی یەکێتی بگۆڕێت بۆ هاوسەرۆکی تاوەکو دەرفەت بە بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای بدات بە هاوسەرۆکی حزبەکە بەرێوەببەن.
دوای ئاڵۆزییەکانی 8ی تەممووزی 2021 و دوورخستنەوەی لە یەکێتی، لە 17ی کانوونی دووەمی 2024 دا، بزووتنەوەی 'بەرەی گەل'ـی دامەزراند.