بەمەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە دانەوەی قەرزەکانیان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای ڕاپەڕین کاتی کارکردنی تیمەکانی فرۆشتنی وزەی درێژ کردەوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای ڕاپەڕین لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەشانی کارەبا و بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە بڕیاری داشکاندنی 50%ی قەرزی پێش ڕووناکی، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تیمەکانی وەرگرتنی پارە لە بەشی فرۆشیاری وزە لە ناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و تەواوی فەرمانگەکانی کارەبای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین تاوەکو کاتژمێر 4ی دوای نیوەڕۆ لەسەر کارەکانیان دەمێنێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە دا، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا دێت بۆ ئاسانکاریکردن لە کۆکردنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبا و پێدانی ئاسانکاریی دارایی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.