دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆ و خەمڵاندنی ورد بۆ خەرجی، داهات و میلاکی گشتی، وەزارەتی دارایی هەرێم پڕۆژەی بودجەی 2027ـی ڕەوانەی بەغدا کرد، کە سەرجەم شایستە دارایی و خواستە دەستوورییەکانی هەرێمی تێدا جێگیر کراوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەم پڕۆژەیەدا سەرجەم خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییە داراییەکانی هەرێم بە وردی جێگیر کراون. داواکارییەکان بریتیین لە دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، خێزانە کەمدەرامەتەکان و کەمئەندامانی سەنگەر. هەروەها هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە، خانەنشینان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ بەغدا، هاوشانی وەرگرتنی شایستە داراییەکانی پێشوویان.
جگە لەوەش وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و پزیشکان، چارەسەرکردنی کێشەی سیستمی UPN، دابینکردنی خەرجیی دەرمان و تەرخانکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە بڕگە سەرەکییەکانی پڕۆژەکەن.
لە بەرامبەردا، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی هەرێم سوپاسی ئەندامانی لیژنەکە، ستافی بەڕێوەبەرایەتیی بودجە و ژمێرکاری، هەروەها دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە بە شێوازێکی زانستی و هاوئاهەنگ لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنی عێراقدا.