لە پێناو پاراستنی بازرگانان لە زیانی دارایی بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوچەکەوە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی درێژکردەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندیی کاسبکاران و بازرگانانی بواری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ڕاگەیاند، بەپێی ئەوە وادەی دیاریکراو بۆ گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ لە هاوردەکردندا ڕاگیرا و پەشیمانکردنەوەی تێدا کرا.
بەپێی ڕێننمایی ژمارە (7)ی ساڵی 2026 (هەمواری یەکەمی ڕێنمایی ژمارە 14ی ساڵی 2025) کە ڕێکەوتی 20ی ئابی 2026 بە واژووی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ هاوردەکردن لە (1ی ئەیلول)ەوە درێژکرایەوە بۆ (1ی تشرینی دووەم).
لەمبارەیەوە د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە، ئەم بڕیارە دوای ئاگاداربوون لە داواکاریی بازرگانان و بەهۆی کاریگەرییەکانی بارودۆخی شەڕی ناوچەکە لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی دراوە.
بەپێی ئەم هەموارە، بازرگانان دەتوانن تاوەکو 1ی تشرینی دووەم ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن. هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و گومرگ ڕاسپێردراون ڕێکاری پێویست بگرنە بەر تاوەکو ئەو بارانەی لە ڕێگادان تووشی زیان نەبن.