وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ترەمپ لەو هەڕەشە ئابوورییەی کە دژ بە ئێران ڕایگەیاندووە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لەوەی شکست و زیانی زیاتر بۆ ئەمریکا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەمڕۆ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەڕەشەی دەستپێکردنی 'ئۆپەراسیۆنی ئابووری'ـی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دژی ئێران ڕایگەیاندووە، تەنها بۆ لادانی سەرنجەکانە لە کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی و شاردنەوەی کێشە داراییەکانی ناوخۆی ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە، ئەو سیاسەتە پێشتر لەلایەن واشنتن تاقیکراوەتەوە بەڵام شکستییان هێناوە، هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لەوەی شکست و زیانی زیاتر بۆ ئەمریکا بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەم هەنگاوانە تەنها دەبنە هۆی قوڵتربوونەوەی دوژمنایەتی و ڕقی گەلی ئێران بەرامبەر ئەمریکا.
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، "تیرۆری ئابووریی ئەمریکا، نەک هەر ئێران، بەڵکو ئابووری جیهانی و سەروەری نیشتمانی وڵاتان لە سەرتاسەری جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە".
لەلایەکی دیکەوە، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، واشنتن تووشی هەڵەی خەمڵاندن بووە، ئەوەی ئێستا ناوی ناوە "ئۆپراسیۆنی ئابووری"، تەنیا شکستێکی دیکەی مێژوویی دەبێت بۆ وڵاتەکەیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، ترەمپ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئابووری فراوان دژ بە ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە ئەمە "کوشندەترین ئۆپەراسیۆنە" لە مێژوودا.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریشیدا کە هەر وڵاتێک هاوکاری تاران بکات، ئەوا ڕووبەڕووی سزای قورسی واشنتن دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، ڕێگری تەواوەتی لە قاچاخچێتی نەوت و چالاکییە داراییەکانی تاران دەکەن و ڕێگە نادەن ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.