بڕیارێکی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی جەوهەری لە پێگەی یاسایی و دارایی فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکاندا دەکات، بە یەکجاری دۆسیە هەڵپەسێردراوەکەیان لە چوارچێوەی راژەی شارستانیدا یەکلایی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاوی کردەوە، بەپێی گشتاندنێکی فەرمی کە بە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی کە لە ڕێکەوتی 19\8\2026 دەرچووە، دۆسیەی فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان بە یەکجاری یەکلایی کرایەوە، بەپێی ئەم گشتاندنە، فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان لەمەودوا لە تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک فەرمانبەری ئاسایی و میلاکی هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و تەواوی مافە یاسایی، کارگێڕی و داراییەکانیان پێدەبەخشرێت.
هەر بەپێی بڕیارەکە، فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان هاوشێوەی فەرمانبەرانی تری ڕاژەی شارستانی بەپێی یاسای خانەنشینی بەرکار لە هەرێمی کوردستان مافی خانەنشینییان پێدراوە.
پیشووتر دۆسیەی وەزیفی و مافەکانی خانەنشینیی فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاڵۆزی یاسایی ببووەیەوە و نەخرابووە چوارچێوەی میلاکی هەمیشەیی، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی دوای زنجیرەیەک بەدواداچوونی ئیداری دێت بۆ یەکخستنی ڕاژەی شارستانی و زامنی مافی دارایی تەواوی کارمەندانی ئەو کەرتە.