داواکاری گشتی ئازەربایجان فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ نووسەرێکی تورک دەرکرد و بە هەوڵدان بۆ کودەتا و بڵاوکردنەوەی توندڕەویی ئایینی تۆمەتباری کرد.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئەلعەینی ئیماڕاتی بڵاویکردەوە، باکۆ داوای لە ئەنقەرە کردووە جەلال چیفتچی، نووسەری ڕۆژنامەی شانڵی ئورفا ئۆلای ڕادەست بکات.

 

داواکاری گشتی ئازەربایجان ڕایگەیاند، ئەو نووسەرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام هانی خەڵکی داوە بۆ ڕووخاندنی حکومەتی وڵاتەکەیان بە هێز؛ ئەم تۆمەتانە پاش دەستپێکردنی کێشەی پۆشینی حیجاب لە قوتابخانەکانی باکۆ و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییە دێن.

 

باکۆ بڕیاری پێوەری پۆشاکی سکۆلاری لە قوتابخانەکاندا دەرکردووە و ڕێگە لە حیجاب دەگرێت، ئەمەش کاردانەوەی توندی بەرپرسانی تورکیای لێکەوتەوە. پارتی ئازەربایجانی نوێ کە پارتی دەسەڵاتدارە، ڕەخنەکانی ئۆکتای سارال، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیای بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ناوبرد و هۆشداریی لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت دا.

 

تورکیا و ئازەربایجان هاوپەیمانی دێرینن و دروشمی یەک نەتەوە لە دوو دەوڵەتدا پەیڕەو دەکەن، بەڵام پێداگریی باکۆ لەسەر سیستەمی سکۆلار و هەڵوێستی ئیسلامی ئەنقەرە گرژییەکی دەگمەنی لەنێوانیاندا دروست کردووە.