ڕاپۆرتە وەرزشییەکان لە ئیسپانیا پەردەیان لەسەر کۆتاییهاتنی پەیوەندییە سۆزدارییەکەی ئەستێرەیەکی بەناوبانگی تۆپی پێی یانەی ڕیاڵ مەدرید و خانمە مۆدێلێکی دیاری جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لادا.
ئەمڕۆ میدیا وەرزشییەکانی بەڕازیل بڵاویان کردەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە ڤیرجینیا فۆنسێکای، خانمە مۆدێل و کاریگەرکاری دیاری بەڕازیلی جیا بووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، ڤیرجینیا دوای دروستبوونی دەمەقاڵێیەکی توند لەگەڵ ڤینیسیۆس، بەپەلە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیای بەرەو شاری مەیامیی ئەمریکا جێهێشتووە.
لە دوای ئەم ڕووداوە، هەوادارەکانی ئەم ئەستێرەیەی یانەی ڕیاڵ مەدرید پرسیاری زۆریان لەبارەی هۆکاری کۆتاییهاتنی ئەم پەیوەندییە بۆ دروست بوو، چونکە پەیوەندییەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا سەرنجی ملیۆنان هەوادار و میدیای جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو.
بەپێی گێڕانەوەی ڕۆژنامەکانی بەڕازیل، جیاوازیی خواستی هەردوولا بۆ ئایندە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی پەیوەندییەکە بووە، بە جۆرێک ڤیرجینیا دەیویست پەیوەندییەکەیان بە فەرمی بکات و هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان لەگەڵ خستنەوەی منداڵ لە ڤینیسیۆس هەنگاوی داهاتوویان بێت.
لە بەرامبەردا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەم قۆناغەی ئێستادا ئامادەی هەنگاوێکی لەو شێوەیە نەبووە و تەواوی سەرنجی لەسەر گەشەپێدانی کاروانی وەرزشی و ڕکابەرییە نێودەوڵەتییەکان بووە، ئەم ناکۆکییەش بارگرژییەکانی نێوانیانی گەیاندووەتە بنبەست.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کارەکانی هەردوولا جەخت لەوە دەکەنەوە، بڕیاری کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکە بە ڕێککەوتنی دوولایەنە دراوە و هیچ کام لە ڤینیسیۆس یان ڤیرجینیا بە فەرمی هۆکاری ڕاستەقینەی جیابوونەوەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، هاندەرانی یانەی شاهانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتوونەتە گفتوگۆ سەبارەت بەوەی ئایا ئەم جۆرە کێشە دەروونی و تایبەتییانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاست و تۆمارکردنی گۆڵ لە لایەن ئەو هێرشبەرەوە دروست دەکەن یاخود نا.
پەیوەندیی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە ناودارە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 دەستی پێکرد و سەرەڕای دروستبوونی ئاڵۆزی و ئاشتبوونەوە بۆ چەندین جار لە ماوەی ڕابردوودا، پەیوەندیی ئەم دوانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر چاودێریی وردی میدیاکانی جیهاندا بووە.