کەنیسەیەکی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا میوانداری درێژترین و نامۆترین کۆنسێرتی مۆسیقی لە جیهاندا دەکات.
ئەمڕۆ ئاژانسی 'سکای نیوز' بڵاوی کردەوە، لە ساڵی 2000 لە کەنیسەی بورشادی لە شاری هالبێرشتاتی ئەڵمانیا کۆنسێرتێکی میوزیکی دەستی پێ کردووە و یەکەم دەنگی ئامێری میوزیکەکەش لە ساڵی 2003 بیسترا دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بێدەنگی باڵ کێشابوو.
پارچە میوزیکەکە بە ناوی "تا دەکرێت بە هێواشی" ناسراوە، لە ساڵی 1987 لە لایەن جۆن کەیجەوە بۆ میوزیکی 'ئۆرگن' کەنیسەکان گۆڕانکاری تێدا کراوە بۆ ئەوەی بە هێواشترین شێوە لێ بدرێت، لە مانگی ئابی 2026، گۆڕانکاری 17یەم لە لێدانی نۆتەکاندا ڕووی دا کاتێک زیاتر لە 150 کەس ئامادە بوون بۆ بینینی کاتی زیادکردنی نۆتەی نوێ بۆ میوزیکەکە.
ئامێرەکە هیچ میوزیکژەنێک بە شێوەی بەردەوام نایژەنێت، بەڵکو سیستەمێکی کارەبایی هێزی هەوا بە بۆريیەکان دەبەخشێت و ڕێکخەرانی پڕۆژەکە کاتی گۆڕینی نۆتەکان بە دەست، بۆرییەکان کەم یان زیاد دەکەن، بۆ ئامادەبوون لە کۆنسێرتی کۆتایی لە ساڵی 2640، پسوولەی تایبەت بە بڕی 2640 یۆرۆ فرۆشراوە، کڕیاران دەتوانن بیدەنە نەوەکانی داهاتوویان.
شاری هالبێرشتاتی ئەڵمانیا خاوەنی یەکێک لە دێرینترین ئامێرە میوزیکییە گەورەکانی ناو کەنیسەکانە، لە ساڵی 1361 دامەزراوە، هەر بۆیە لە ساڵی 2000، ڕێکخەران ماوەی 639 ساڵیان هەڵبژارد، چونکە یەکسانە بە ماوەی نێوان دامەزراندنی ئەو ئامێرە (ئۆرگنە) مێژووییە لە ساڵی 1361 و دەستپێکردنی پڕۆژەکە لە ساڵی 2000دا.