دیاریکردنی ناوی منداڵان هەمیشە گوزارشت لە ڕەوتی کەلتووری و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەکات. لەم نێوەندەدا، هەندێک ناو بەهۆی ئاسانی دەربڕین و ماناکانیان سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنن و دەبنە ناسنامەیەکی هاوبەشی جیهانی.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی نۆڤۆستی ڕووسی بڵاوی کردەوە، ناوی سۆفیا، بەهۆی بەکارهێنانی بەربڵاو لە ڕووسیادا، بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی سەرەوەی لیستی باوترین ناوەکان و بووەتە یەکەم بژاردەی دایک و باوکان بۆ ناونانی کچەکانیان لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپادا.
ئامارە فەرمییەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ناوە لە وڵاتە جیاوازەکاندا بەم شێوەیەیە:
• ئەڵمانیا: ناوی سۆفیا 30 ساڵە پێگەی بەهێزی خۆی پاراستووە؛ لە ساڵی 1997دا تەواوی ناوچەکانی ڕۆژئاوای گرتەوە و لە ساڵی 2023وە بۆ سێیەم ساڵە لەسەریەک لە پلەی یەکەمدایە.
• ئیتاڵیا: لە ساڵی 2024دا 4636 کچ بەم ناوەوە ناونراون، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی 2.59%ی کۆی لەدایکبووان.
• پۆڵەندا: لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 5000 منداڵ و لە پێشەنگی لیستی ناوەکاندایە.
• ئیسپانیا: بە تۆمارکردنی 3300 منداڵ، لە پێش لۆسیا و مارتیناوە دێت.
• فەرەنسا: پلەی ناوەکە لە 44ەوە بۆ 29 بەرز بووەتەوە بە تۆمارکردنی 1500 منداڵ.
• بەریتانیا: ناوەکە چووەتە ناو لیستی بیست باوترین ناوەکان بە هەردوو شێواز نووسینی جیاواز.
• سلوڤاکیا و چیک: ناوەکە لە ساڵی 2022وە لە سلوڤاکیا لە پلەی یەکەمدا بووە و لە چیک لە پلەی سێیەمدایە.
• وڵاتانی باڵتیک: لە لیتوانیا, لاتڤیا و ئێستۆنیا لە نێوان پلەی یەکەم و دووەمدایە.
• نەمسا: لە پلەی پێنجەمدا دێت لە دوای ناوەکانی ئێما، ئێمیلیا، ماریا و میا.
توێژەران هۆکاری ئەم بڵاوبوونەوە فراوانە بۆ سەرنجڕاکێشی مانای ناوەکە دەگێڕنەوە، چونکە سۆفیا ناوێکی ڕەسەنی یۆنانییە و بە مانای دانایی دێت. لایەنێکی تری ئەم پێشوازییە گەرمە پەیوەستە بە ئاسانی دەربڕینی لە ڕووی دەنگییەوە لە زمانە جیاوازەکانی ئەورووپادا، ئەمەش وای کردووە ببێتە باشترین بژاردە بۆ ئەو دایک و باوکانەی بەدوای ناوێکی کلاسیکی مۆدێرندا دەگەڕێن.
ناوی سۆفیا یەکێکە لە باوترین ناوە مێژووییەکانی جیهان و ڕەگ و ڕیشەکەی بۆ فەلسەفەی یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە. لێکۆڵینەوە کەلتوورییەکان نیشانی دەدەن مەیلی هاوچەرخ بۆ بەکارهێنانی ناوە مێژووییەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا گەشەی کردووە.