گۆڕانی وەرزەکان ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی بازاڕی بەنزین و خواستی سووتەمەنی دروست دەکات و وەرزی هاوینیش بە هەستیارترین قۆناغ بۆ دروستبوونی قەیرانی وزە دادەنرێت.
دامەزراوەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی بەنزین لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا (وەرزی هاوین) دەگاتە بەرزترین ئاستی ساڵانە، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکراوەکانی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان، هۆکاری سەرەکیش بۆ گرانبوونی تێچووی بەرهەمهێنان لە هاویندا دەگەڕیتەوە بۆ پابەندبوونی پاڵاوگەکان بە بەرهەمهێنانی 'بەنزینی هاوین'، کە کەمتر دەبێتە هەڵم و پێکهاتەکەی خاوێنترە.
لە وەرزی بەهاردا، زۆربەی پاڵاوگەکان بەهۆی گواستنەوەی کارەکانیان لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی زستان بۆ سووتەمەنی هاوین بۆ ماوەیەکی کاتی بەشێک لە هێڵەکانیان ڕادەگرن، ئەمەش دەبیتەهۆی کەمبوونەوەی بەنزین لە بازارەکان، جگە لەوە، لە هاویندا کەشوهەوای گەرم و گەردەلوولەکان زیان بە هێڵەکانی گواستنەوە و پاڵاوگەکان دەگەیەنن و بازاڕ ڕووبەڕووی قەیرانی دابینکردن دەکەنەوە.
لە وەرزی پاییزدا بەهۆی کۆتاییهاتنی وەرزی گەشتەکان، خواست لەسەر بەنزین ڕوو لە کەمبوون دەکات، بەڵام لە ناوچە کشتوکاڵییەکاندا بەکارهێنانی سووتەمەنیی دیزڵ بۆ دروێنەکردن بەرز دەبێتەوە، لە زستانیشدا سەرەڕای دابەزینی خواست لەسەر بەنزین، سووتەمەنییەکانی تری وەک نەوتی سپی بۆ گەرمکردنەوە بەکارهێنانیان زیادتر دەبێت، ئەمەش وادەکات فشار لەسەر جۆرەکانی تری وزە چڕ ببێتەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی چاودێریی وزە، ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ساڵی 2026 لە دەوروبەری گەرووی هۆرمز و وەستانی کارەکانی چەند پاڵاوگەیەک فشارەکانی سەر بازاڕی جیهانیی سووتەمەنییان دوو هێندە کردووە، مێژووی بازاڕی نەوتیش دەریخستووە، ڕووداوە نەخوازراوەکان هەمیشە هۆکاری شڵەژانی نرخەکان بوون لە وەرزە هەستیارەکاندا.