توێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن دابەزینی کتوپڕی وزە و تەرکیز لە دوای نیوەڕواندا پەیوەندی بە کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستەوە هەیە و تەنها پەیوەست نییە بە جۆری نانی نیوەڕۆوە.

 

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی میرۆری بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، دیاردەی بێهێزی و تەمەڵی دوای کاتی نیوەڕوان، زۆرجار لە نێوان کاتژمێر 2 بۆ 4ی پاشنیوەڕۆ ڕوودەدات و بەشێکی زۆری پێوەستە بە کاتژمێری بایۆلۆژیی سروشتیی جەستەوە.

 

 بەپەێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، ڕاپرسییەک لەسەر زیاتر لە 1500 کەس نیشانی دەدات، 33 لەسەدی بەشداربووان لە نێوان کاتژمێر 2 بۆ 3ی پاشنیوەڕۆ هەست بە زۆرترین ماندووبوون دەکەن، پسپۆڕانی خۆراک ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکەن لە ژەمی نیوەڕۆدا پرۆتین، ڕیشاڵ و چەورییە تەندروستەکان تێکەڵ بکەن.

 

پزیشکەکان روونی دەکەنەوە و دەریدەخەن، ناونانی ئەم دۆخە بە (تەمەڵی دوای نانی نیوەڕۆ) تا ڕادەیەک ناڕاستە، چونکە ئەم ماندووبوونە لە لای ئەو کەسانەش دەبینرێت، کە نانی نیوەڕۆیان نەخواردووە، کاتژمێری بایۆلۆژی و شێوازی خەو لە نێوان مرۆڤەکاندا جیاوازە، بەڵام هەندێک هەنگاوی سادە وەک جووڵە، چوونە بەر تیشکی خۆر، وەرگرتنی پشووی کورت یان خەوێکی کورت دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی توانای مێشک و تەرکیز.

 

کاتژمێری بایلۆژی سیستەمێکی سرووشتیی ناوخۆیی مرۆڤە کە خەوتن، بەئاگابوون و دەرچوونی هۆرمۆنەکانی جەستە ڕێکدەخات، کاتێک ئەم سیستەمە بەهۆی کەم خەوی، دڵەڕاوکێ  یان بەکارهێنانی زۆری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تێکدەچێت، مرۆڤ ڕووبەڕووی ماندووبوون، کەمبوونی تەرکیز و لاوازی کارایی دەبێتەوە.