ئەوروپا خۆی بۆ بینینی دیاردەیەکی دەگمەنی خۆرگیرانی تەواو ئامادە دەکات، کە لە دوای ساڵی 2006ـەوە وێنەی نەبووە و بەشێکی بەرفراوان لە کیشوەرەکە دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ ناوەندە فەلەکییە نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاند، ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئەوروپا چاوەڕوانی بینینی خۆرگیران دەکەن کە سێبەری مانگ تێیدا لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا دەردەکەوێت، بۆ ماوی 2 خولەک و 18 چرکە دەخایەنێت.
سێبەری مانگ لە بەردەم خۆردا تێپەڕ دەبێت، سەرەتا لە ئەقسای باکووری ڕووسیا لە ناوچە جەمسەرییە دوورەدەستەکاندا لە نزیک کاژێر 17:00 بە کاتی گرینویچ دەست پێ دەکات و دواتر بەسەر گرینلاند و ئایسلەندا دا تێپەڕ دەبێت، ئیسپانیا دەبێتە باشترین شوێن بۆ بینینی ئەم دیمەنە جیاوازە، کە تێیدا سێبەرەکە بە شێوەیەکی لاری لە کەناراوەکانی ئەتڵەسی باکوورەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست تێپەڕ دەبێت و لە دەورووبەری کاژێر 18:30 بە کاتی گرینویچ کۆتایی دێت.
هاوکات خۆرگیرانی بەشەکی لە زۆربەی ناوچەکانی ئەووپا، کەنەدا، باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باکووری ڕۆژئاوای ئەفریقا بە ڕوونی دەبینرێت، لە کاتی خۆرگیرانی تەواودا، کە لە ئیسپانیا تەنها کەمتر لە 2 خولەک بەر لە ئاوابوونی خۆر دەخایەنێت، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی کتوپڕ دادەبەزن و سێبەرەکان گۆشەی نامۆ دروست دەکەن، بە جۆرێک کە هەندێک لە ئاژەڵەکان بەهۆی تاریکبوونی کتوپڕی ڕۆژەوە وا هەست دەکەن شەو داهاتووە و دەچنە خەو کورتخایەنەوە.
دیاردەی خۆرگیران بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە بووەتە هۆی سەرسوڕمان و ترس، چونکە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێرەوی سروشتیی ڕۆژ دەگۆڕێت، زانایان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لەم دەرفەتە کورتەدا توێژینەوەی زیاتر لەسەر تیشکە موگناتیسییەکان و کێڵگەی خۆر بکەن.