دۆزینەوەی کۆمەڵە بەردبووێکی دەگمەن لە کەنەدا دەریخست کە گیانلەبەرە ئاڵۆزەکان، ملیۆنان ساڵ پێش ئەو وادەیەی زانایان پێشبینییان کردبوو، لە قووڵایی زەریاکاندا ژیاون.

 

ئەمڕۆ گۆڤاری 'ساینس ئەدڤانسز' بڵاو کردەوە، توێژەران زیاتر لە 100 بەردبووی کۆنیان لە چیاکانی ماکێنزیی وڵاتی کەنەدا دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئێدیاکارین (567 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) و تەمەنیان لە نێوان 541 بۆ 635 ملیۆن ساڵدایە.

 

ئەم بەردبووانە نیشانی دەدەن کە زیندەوەرە سەرەتاییەکان خاوەنی تایبەتمەندیی پێشکەوتووی وەک توانای جووڵە و زۆربوون بوون؛ ئەمەش بە نزیکەی 5 بۆ 10 ملیۆن ساڵ پێش ئەو کاتەیە کە لە بەردبووەکانی دیکەدا تۆمار کرابوو. لە نێو ئەو زیندەوەرە بەردبووانەدا، جۆرەکانی وەک دیکنسۆنیا، فونیسیا و کیمبریلا هەن کە بەڵگەی سەرەتایین بۆ پەرەسەندنی جەستەیی زیندەوەران.

 

سەردەمی ئێدیاکارا قۆناغێکە لە مێژووی زەویدا کە نزیکەی 635 تا 539 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بووە، ئەم سەردەمە پێش تەقینەوەی کامبری کەوتووە، ئەو ڕووداوەی کە تێیدا زۆربەی جۆرە سەرەکییەکانی ئاژەڵان بە خێرایی دەرکەوتن.

 

لەم سەردەمەدا، یەکەم زیندەوەرە گەورە و فرەخانەییەکان لە زەریاکاندا پەیدا بوون، بەڵام زۆربەیان لاشەیەکی نەرم و بێ ئێسک یان بێ قەپێڵکیان هەبوو؛ بۆیە بەردبووەکانیان کەمتر پارێزراون. ئەم سەردەمە گرنگە، چونکە بە یەکەم هەنگاوی گەشەکردنی ژیانی ئاڵۆز لەسەر زەوی هەژمار دەکرێت.