بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان و ڕێگری لە فڕینی فڕۆکەکان دەکات، چونکە هەوای گەرم چڕیی کەمە و فڕین قورس دەکات. ئەم گرفتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ناچار دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتی، کێشی فڕۆکەکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی سەرنشین و بارەوە کەم بکەنەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس بڵاوی کردەوە، گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی تێکچوونی خشتەی گەشتەکان. فڕۆکەخانە بیابانییەکان و ئەو شوێنانەی ڕێڕەوی فڕینیان کورتە یان لە شوێنی بەرزدان، زۆرترین زیانیان بەر دەکەوێت.

 

بەپێی توێژینەوەیەک کە زانایانی زانکۆی کۆڵۆمبیا و ناسا ئەنجامیان داوە، تا ساڵی 2050 نزیکەی 10% بۆ 30%ی گەشتەکان تووشی کێشەی کێش دەبن. گەرمای زۆر وا دەکات بزوێنەرەکان و باڵەکانی فڕۆکە نەتوانن هێزی پێویست بۆ بەرزبوونەوە لەسەر زەوی دروست بکەن.

 

کۆمپانیاکانی وەک ئەمریکان ئێرلاینز دەستیان کردووە بە پێدانی قەرەبوو بەو سەرنشینانەی کە بەهۆی گەرماوە ناتوانن لە گەشتەکاندا جێگەیان ببێتەوە. ئەم ڕێکارە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی فڕۆکەکان بە کێشێکی گونجاو و سەلامەتەوە گەشتەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تا ساڵی 2065، فڕۆکەخانە ئەورووپییەکان ناچار دەبن لە هەر گەشتێکدا کێشی 10 سەرنشین کەم بکەنەوە. ئەمەش وەک دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیهاندا دەبینرێت.