سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە 81مین ساڵیادی ڕووداوی هیرۆشیما و ناکازاکیدا پەیامێکی سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی ئاراستەی جیهان کرد.

ئەمڕۆ، سانای تاکاستیشی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە 81مین ساڵیادی ڕووداوی مێژوویی هیرۆشیمادا ڕایگەیاند، ژاپۆن ئامادەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە جیهانێکی دوور لە چەکی ئەتۆمی و جەختی لەسەر گرنگیی پاراستن و بەهێزکردنی ڕژێمی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "یەک بۆمبی ئەتۆمی ژینگەی سروشتیی هیرۆشیمای لەناوبرد، گیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێتاوانی کێشا و شارەکەی بەتەواوی لەناوبرد، هیوا و ئومێدی دانیشتووانی شارەکەی سڕییەوە".

هیرۆشیما شارێکە لە ڕۆژئاوای ژاپۆن، لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە ڕێکەوتی 6ی ئابی 1945دا، یەکەم شار بوو لە مێژوودا کە لەلایەن ئەمریکاوە بە بۆمبی ئەتۆمیی (لیتڵ بۆی) کاتژمێر 8:15ی بەیانی هێرشی کرایە سەر، لە ئەنجامدا نزیکەی 140 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و شارەکە بەتەواوی وێران بوو.

3 ڕۆژ دوای ئەم هێرشە، ئەمریکا لە 9ی ئابی هەمان ساڵدا دووبارە بۆمبێکی دیکەی ئەتۆمیی (فات مان)ی لە شاری ناکازاکی دا و هەزاران کەسی دیکە بوونە قوربانی و شارەکە بەتەواوی وێران بوو، لە هەمان کاتیشدا یەکێتیی سۆڤیەت (ڕووسیای ئەو سەردەمە) جەنگی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند.

لە 15ی ئابی 1945دا، هیرۆهیتۆ، ئیمپراتۆری ئەو سەردەمەی ژاپۆن بۆ یەکەم جار بە ڕادیۆ قسەی بۆ گەلی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، ژاپۆن مەرجەکانی هاوپەیمانان پەسەند دەکات، پاشان لە 2ی ئەیلوولی 1945دا، بە فەرمی واژۆی بەڵگەنامەی خۆبەدەستەوەدان لەسەر پشتی کەشتیی ئەمریکیی (USS Missouri) کرا، لە ئەنجامدا جەنگی دووەمی جیهانی بە فەرمی کۆتایی هات.

جەنگی جیهانی دووەم (1939-1945) گەورەترین جەنگی مێژوویی بوو، کە بە هێرشی ئەڵمانیای نازی بۆ سەر پۆڵەندا دەستی پێکرد و بەخێرایی بۆ ئەورووپا، ئاسیا و ناوچەکانی دیکەی جیهان بڵاوبووەوە. لە کۆتاییدا، ئەڵمانیا لە مانگی ئایاری 1945دا خۆی بەدەستەوە دا، ئەم جەنگە زیاتر لە 70 ملیۆن قوربانیی لێکەوتەوە و بووە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.