توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات کە تا ساڵی 2050، زۆربەی دوورگەکانی جیهان ڕووبەڕووی 'مەترسییەکی سێ لایەنە' دەبنەوە کە بریتین لە گۆڕانی کەشوهەوا، گۆڕینی بەکارهێنانی زەوی و هێرشی زیندەیی.
ئەمڕۆ پێگەی ئەلجەزیرە نت لە زاری توێژەرانی زانکۆی پاریس ساکلای بڵاوی کردەوە، ئەم دوورگە بچووکانە کە پێنجیەکی جۆرەکانی زیندەوەرانی جیهانیان تێدایە، لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدان. توێژینەوەکە کە لەسەر 16 هەزار و 578 دوورگە ئەنجام دراوە، دەڵێت 65 لە سەدی دوورگەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە مەترسییان لەسەرە.
کلارا مارینۆ، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە 22 لە سەدی دوورگەکاندا، گۆڕینی دارستانەکان بۆ زەویی کشتوکاڵی و شارنشینی مەترسیی سەرەکییە. هەروەها لە 13 لە سەدی دوورگەکاندا، هاتنی گیانەوەر و ڕوەکی نامۆ کە جێگەی جۆرە ڕەسەنەکان دەگرنەوە، بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی.
دوورگە نزمەکان و ئەو دوورگانەی لە هێڵی کەمەرەیییەوە نزیکن، زیاتر مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریایان لەسەرە. ناوچەکانی وەک فلیپین، ئیندۆنیزیا، سیشێل و سەنگاپوور لە ناوەندی ئەم مەترسییانەدان و ڕەنگە لە داهاتوودا بەشێکی زۆری وشکانییەکانیان لەدەست بدەن.
توێژەران دەڵێن ئەم سێ مەترسییە پێکەوە کار دەکەن؛ بۆ نموونە گۆڕانی کەشوهەوا ژینگەیەک لاواز دەکات، پاشان گۆڕینی زەوییەکان بۆ بیناسازی پارچەپارچەی دەکات و لە کۆتاییدا جۆرە نامۆکان ڕێگری لە گەشەکردنەوەی زیندەوەرە ڕەسەنەکان دەکەن. ئەم فشارە لە دوورگەکاندا زۆر خێراتر لە کیشوەرەکان کار دەکات.
ئەم توێژینەوەیە وەک نەخشەیەکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ بڕیاردەران تاوەکو پێشینەی کارەکانیان دیاری بکەن. لە هەندێک دوورگە پاراستنی دارستانەکان گرنگە و لە هەندێکی تر ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا دەبێتە پرسی مان و نەمان.