بۆ زۆرێک لە خەڵک تاقیکردنەوەکان سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و ترسن لە شکستهێنان، بەڵام دەروونناسان دەڵێن هەندێک کەس چێژ لەم ئەزموونە دەبینن و وەک دەرفەتێک بۆ سەلماندنی تواناکانیان سەیری دەکەن.
ئەمڕۆ پێگەی ئەلعەرەبیە لە زاری زانایانی دەروونناسییەوە بڵاوی کردەوە، نهێنیی ئەم چێژوەرگرتنە تەنیا پەیوەندی بە خۆشویستنی خوێندنەوە نییە، بەڵکو بۆ متمانەبەخۆبوون و شێوازی بیرکردنەوەی کەسەکە دەگەڕێتەوە.
زانایانی دەروونناسی وەک کارۆل ئەمیس و جۆن نیکۆڵز ئاماژە بە 'بیردۆزی ئامانجەکانی دەستکەوت' دەکەن. ئەوان دەڵێن: "ئەو کەسانەی ئارەزووی فێربوونی قووڵ دەکەن، تاقیکردنەوە بە هەلێک دەبینن بۆ دۆزینەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان نەک تەنیا بۆ بەدەستهێنانی نمرە."
هەروەها چەمکی 'کارامەیی خودی' كە ئەڵبێرت باندۆرا دایڕشتووە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئەو قوتابیانەی متمانەی زۆریان بە تواناکانیان هەیە، لە جیاتی ترس لە شکست، تاقیکردنەوە وەک گۆڕەپانێکی ململانێی ئەرێنی بۆ سەلماندنی زانیارییەکانیان دەبینن.
بیردۆزی 'چوونەناو'یش ڕوونی دەکاتەوە کە کاتێک ئاستی تاقیکردنەوە لەگەڵ توانای کەسەکەدا دەگونجێت، تەرکیزێکی قووڵ دروست دەبێت. ئەم تەرکیزە چێژێکی هاوشێوەی یاریزانی شەترەنج یان وەرزشوانانی تێدایە کە لە کاتی کێبڕکێدا هەستی پێ دەکەن.
هەروەها بەپێی بیردۆزی 'بڕیاردانی خود'، مرۆڤ کاتێک هەست بە سەربەخۆیی و کارامەیی دەکات، هاندەرە ناوەکییەکانی زیاتر دەبن. بۆیە ئەم جۆرە قوتابیانە تاقیکردنەوە بۆ تێرکردنی حەزی گەڕان و تێگەیشتنی خۆیان ئەنجام دەدەن.
زانایان جەخت دەکەنەوە کە کەمێک دڵەڕاوکێ هەمیشە خراپ نییە، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی تەرکیز. دڵەڕاوکێی مامناوەند دەبێتە هۆی هۆشیاریی زیاتری مێشک، کە وادەکات قوتابی لە کاتی وەڵامدانەوەدا ئەدایەکی باشتری هەبێت.
گۆڕینی دیدگای مرۆڤ بۆ تاقیکردنەوەکان لە ترسەوە بۆ فێربوون و گەشەکردن، کلیلێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی ئەکادیمی. ئەم شێوازە نەک تەنیا دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە، بەڵکو پرۆسەی خوێندن بۆ ئەزموونێکی چێژبەخش دەگۆڕێت.