Banner
پایتەخت

ستۆدیۆکەی فاتیح مودەریس دەبێتە مۆزەخانە

ستۆدیۆکەی فاتیح مودەریس دەبێتە مۆزەخانە
کورتە

نۆژەنکردنەوەی ستۆدیۆی مودەریس و پاراستنی ڕەسەنایەتییەکەی

وەزارەتی ڕۆشنبیریی سووریا بڕیاری داوە بە نۆژەنکردنەوەی ستۆدیۆ و شوێنی کارکردنی هونەرمەندی شێوەکاری کۆچکردوو، فاتیح مودەریس، ئەمەش وەک بەشێک لە پڕۆژەی 'نۆژەنکردنەوەی یادەوەری شێوەکاری سووریا' بۆ پاراستنی میراتی هونەریی پێشەنگەکانی ئەو وڵاتە. ئەم هەنگاوە ئامانجی پاراستنی ئەو شوێنانەیە کە مێژووی هونەری شێوەکاری سووریایان تێدا نەخشێنراوە.

 

تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە، محەمەد یاسین ساڵح، وەزیری ڕۆشنبیری، فەرمانی داوە بە نۆژەنکردنەوەی ستۆدیۆی فاتیح مودەریس بە هاوکاری دەزگای دیمەشق بۆ ڕۆشنبیری و بیر و هونەر. ئەم پڕۆژەیە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی مودەریس و ئامانجی پاراستنی شێوازە ڕەسەنەکەی ستۆدیۆکە و ناوەڕۆکەکەیەتی بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی زیندوو بۆ دۆکیۆمێنتکردن و نمایشکردنی چالاکییە هونەرییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

فاتیح مودەریس کە لە ساڵی 1922 لە حەلەب لەدایک بووە، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی مۆدێرنیزم لە هونەری شێوەکاری سووریا و عەرەبیدا دادەنرێت. ئەو لە ڕۆما هونەری خوێندووە و کارەکانی بە ناسنامەیەکی تایبەت ناسراون کە ئیلهامیان لە ژینگەی سووریا، ئەفسانەکان و یادەوەری گەلەوە وەرگرتووە. مودەریس لە ساڵی 1999 کۆچی دوایی کرد، بەڵام کاریگەرییە هونەرییەکانی تا ئێستاش لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بە بەرزی دەنرخێنرێن.

 

ئەم پڕۆژەیە تەنیا نۆژەنکردنەوەی بینایەک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو فەزا داهێنەرانەی کە ناوە دیارەکانی بزووتنەوەی هونەری سووریایان تێدا دروست بووە. ستۆدیۆکەی فاتیح مودەریس شایەتێکی مادی گرنگی ئەزموونە داهێنەرەکانی ئەو هونەرمەندەیە و نۆژەنکردنەوەی وەک پاراستنی بەشێکی گرنگ لە یادەوەری هونەریی نەتەوەیی سووریا دەبینرێت.

13 تەمموز 2026 11:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026