ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و یاریزانەکە لە مێرێنگی درێژە بە کاروانی وەرزشیی خۆی دەدات.
بەپێی زانیارییەکانی فابریزیۆ ڕۆمانۆ، ڕۆژنامەنووسی باوەڕپێکراوی بواری گواستنەوەی یاریزانان، یانەی ڕیال مەدرید و بریکاری کارەکانی کۆرتوا سەرجەم بەڵگەنامەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
بەگوێرەی ڕێککەوتنە نوێکە، گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە شاهانەکە تاکوو هاوینی ساڵی 2028 درێژ دەکاتەوە.
ڕۆمانۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کارگێڕیی ڕیال مەدرید هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کۆرتوا هێشتا باشترین گۆڵپارێزی جیهانە؛ هەر بۆیە متمانەی تەواویان پێی هەیە و دەیانەوێت بۆ چەند ساڵی داهاتووش تواناکانی لە یانەکەدا بهێڵنەوە.
یانەکە پێی وایە کۆرتوا نەک تەنیا لەناو یاریگادا یاریزانێکی سەرسووڕهێنەرە، بەڵکوو لە ژووری خۆگۆڕینیشدا سەرکردەیەکی کاریگەرە.
شایەنی باسە، تیبۆ کۆرتوا لە هاوینی ساڵی 2018دا یانەی چێڵسیی جێی هێشت و بە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ڕیال مەدریدەوە کرد.
ناوبراو لە ساڵی 2025یشدا گرێبەستەکەی بۆ دوو وەرزی تر و تاکوو ساڵی 2027 نوێ کردبووەوە؛ لە ئێستاشدا ئەم گۆڵپارێزە تەمەن 34 ساڵە، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بە 15 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.