شارەزایەکی کەشناسی مەزەندە دەکات کە بەهۆی هەورەبروسکە بەهێزەکانی ئەمسالەوە ڕێژەی دوومەڵان ڕوو لە زیادبوون بکات.
ئەمڕۆ هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، شەپۆلی هەورەبروسکەی شەوی ڕابردوو لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم ڕووداوێکی دەگمەن بووە و دیمەنێکی ناوازەی بە ئاسمانی ناوچەکە بەخشیوە، بە جۆرێک لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەم شێوەیە لە ناوچە دەشتاییەکاندا بەدی نەکراوە.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم دیاردەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر زۆربوونی ڕێژەی دوومەڵان لەمساڵدا، بەپێی ئەزموون و وتەی بەتەمەنەکان، ئەو ساڵانەی لە سەرەتای وەرزدا هەورەبروسکەی بەهێز ڕوو دەدەن، ڕێژەی شینبوونی دوومەڵان زۆر زیاتر دەبێت بەراورد بەو ساڵانەی کە هەورەبروسکەی تێدا کەمترە.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی ڕوونیشی کردەوە، دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین بە هەورەبروسکەی بەهێز یەکێکە لە لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا، چونکە بەر لەم گۆڕانکارییانە، بەدیارکەوتنی هەورەبروسکە زیاتر تایبەت بوو بە وەرزی بەهار، بەڵام ئێستا لە سەرەتای وەرزی پایز و بارانباریندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەدی دەکرێت.