وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکدا بۆ هاوبەشانی کارەبا جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە دوا ڕۆژی داشکاندنی 50%ی قەرزی کۆنی کارەبای ماڵان و 25%ی پۆلی بازرگانییە پێش پرۆژەی ڕووناکی.
بەپێی ئاگادارییەکەی وەزارەتی کارەبا، سەرجەم فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، سبەی یەکشەممە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تاوەکو ئێوارە و تا کاتێک هاوبەش مابێت لە خزمەت هاووڵاتییاندا دەبن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەی سیستمی (ئی پسوولە)وە تا کاتژمێر 12ی نیوەشەوی یەکشەممە قەرزی کارەباکەیان بە داشکاندنەکەوە بدەنەوە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا جەختی لەوەش کردەوە، دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیە، قەرزی کارەبای پێش پرۆژەی ڕووناکی دەبێتە قیستی مانگانە و لەگەڵ کرێی مانگانەی کارەبا دەگێڕدرێتەوە.