ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری لە ڕاگەیەنراوێکدا بڕیارەکەی حکومەتی ئازەربایجان بۆ قەدەغەکردنی سەرپۆش و حیجاب بە دژ بە بنەماکانی ئازادی ناو برد.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆبوویەوە و ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیاییدا هاتووە، بەهۆی ئاگری شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت و ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ قورستربوونی قەیرانەکانی سەر شانی هاووڵاتییان.

سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ناوخۆش، کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە داوە، بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی بەرز کردووەتەوە و هاووڵاتییانی ڕووبەڕووی سەختیی زیاتر کردووەتەوە.

لە تەوەرێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆخی دەرەوە ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، بڕیارەکەی حکومەتی ئازەربایجان بۆ قەدەغەکردنی پۆشینی سەرپۆش و حیجاب لە ناوەندەکانی خوێندن، دژ بە بنەماکانی ئازادییە.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوای لە حکومەتەکانی ناوچەکە کرد، کە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان ئەو پێشێلکارییەیان بۆ سەرنەچێت.